فەرەنسا.. 231 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

بە بەراورد لەگەڵ دوێنێ رێژەی مردن كەمی كردووە

K24- هەولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 231 كەسی دیكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی كۆی ئەوانەی بەهۆی پەتاكەوە مردوون، بوو بە هەزار و 331 كەس.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی تەندروستی گشتیی لە فەرەنسا، كۆی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 25 هەزار و 233 حاڵەت.

پێشتریش هەر ئەمڕۆ فریدریك ڤالیتۆ، سەرۆكی یەكێتی نەخۆشخانەكان لە فەرەنسا گوتی: ژمارەی راستەقینەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە كە لەلایەن حكومەتی فەرەنساوە رادەگەیەندرێن.

فریدریك ڤالیتۆ دووپاتی كردەوە، ئەو ئامارەی رۆژانە رادەگەیەندرێن، تەنیا ژمارەی ئەو كەسانەیە كە لە نەخۆشخانەكان بەهۆی ئەو پەتایە دەمرن و ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە لە ماڵەوە یان خانەی بەساڵاچووان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەمرن.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە مردنی 240 كەس لەماوەی 24 كاتژمێردا لە سەرانسەری وڵاتەكەی بەهۆی كۆرۆنا راگەیاند، كە ئەمەش بە گەورەترین ئامار لە دەستپێكی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە فەرەنسا دادەنرێت.

H.B