وادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان ئاشكرا دەكرێت

دۆزینەوەی بیانوو وەك ئاستەنگ سوودی نابێت
kurdistan24.net

 - ھەولێر

پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ مژاره‌ گه‌رمه‌كانی ھەرێمی كوردستان و باسوخواسی نێو كۆبوونەوەكانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان، ئه‌گه‌رچی پارتی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی خۆی له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵگرت، بەڵام هێشتا بزووتنه‌وه‌ی گۆران و كۆمه‌ڵی ئیسلامی مه‌رجیان بۆ كاراكردنه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌. گوته‌بێژی پارتی رایدەگەیەنێت، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، په‌رله‌مان كارا ده‌كرێته‌وه‌.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "ئەركی ھەموو لایەنەكانە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم كاتەدا ببێتە پاڵپشت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، دۆزینەوەی بیانوو وەك ئاستەنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، ھیچ سوودێكی بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان نابێت، بۆیە پێویستە ئەو بڕ و بیانووانە وەلا بنرێن و پێكەوە نێوماڵی كوردستان رێك بخەینەوە و بە یەكڕیزی كێشەكانمان چارەسەر بكەین".

گوتیشی: "ھەرچەندە رۆژی كاراكردنەوەی پەرلەمان دیار نەكراوە، بەڵام بڕوام وایە لە چەند رۆژی داھاتوودا بڕیار لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان دەدرێت، پێش 25 ئەیلوول پەرلەمان كارا دەكرێتەوە، ئەگەر نەكرێت قسە دێتەسەرمان".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان زانیاری ئەوەی بە كوردستان24 دابوو كە 15 ئەم مانگە پەرلەمان كارادەكرێتەوە، دوای چەند كۆبوونەوەیەكی ناوخۆیی، یەكێتی پاكێجێكی 7 خاڵی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، بۆ ئەوەی بەشداربن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان.