پڕۆسەی نەهێشتنی "بندیوارەکان" دەست پێ دەکات

"دوو مووچە و سێ مووچە و خانەنشینی نایاسایی كۆتایی دێت"

K24 – هه‌ولێر:

لیستی ناوی ئەو كەسانەی بە نایاسایی بە پلەی تایبەت خانەنشینكراون، لەنێو یاسای چاكسازی جێگای بۆ كراوەتەوە و بە تێپەڕاندنی یاساكەش ئەو پرسە چارەسەر دەبێت.

محەمەد رێكانی، ئەندامی داواكاری گشتی لەم بارەیەوە رایگەیاند: "لە ماوەی چوار ساڵدا، دەستەی دەستپاکی نزیكەی 1000 داوای سزایی تۆمار كردووە و بەشێكیشیان دراونەتە دادگا".

لە لایەکەی دیکەوە، نادر هەرکی، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دەستەی گشتیی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: " لەو دۆسیانەی دەستەی دەستپاكی، كە یەكلا كراونەتەوە، توانراوە چەندین ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێندرێتەوە".

دەشڵێت: "چاوەڕێش دەكرێت تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی، تا ئاستێكی باش گه‌نده‌ڵی كەم بكاتەوە و دوو مووچە و سێ مووچە و خانەنشینی نایاسایی كۆتایی پێ بێنێت".

بە تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، بڕێکی زۆر پارە بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە چونکە بەشێکی زۆر لەو مووچەخۆرانە هیچ خزمەتێک بە حکوومەت و دامودەزگاکانی ناکەن، بەڵکو تەنها مووچەیەکی بێ بەرامبەر وەردەگرن.

 H.J