پارتی و یه‌كێتی له‌ رێككه‌وتنی كۆتایی نزیكبوونه‌ته‌وه‌

سبه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی كۆده‌بێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، رایگەیاند، بێدەنگیی پارتی لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بۆ ئەوەیە بوار بداتە ھاوبەشەكانی، تا بیر بكەنەوە.

فازڵ میرانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، بەربەستە گەورەكانیان بۆ پێكھێنانی حكوومەت و رێككەوتنی سیاسی بڕیون.

لەبارەی رێككەوتنیش لەگەڵ یەكێتی، فازڵ میرانی جەختی كردەوە، پارتی و یەكێتی رێككەوتوون و رۆژی پێنجشەممەش مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆدەبێتەوە، رەنگە ئەو ھەفتەیە لەگەڵ یەكێتی بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، ھێمن ھەورامی- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند، لایەنە سەرەكییەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھەنگاوی گەورەیان بڕیووە و بەرەو رێككەوتنی كۆتایی دەچن، پەرلەمانی كوردستانیش پشتیوانی یەكڕیزی دەكات و لەگەڵ ئەوە دایە كاتی زیاتری پێ بدرێت، بەڵام زۆری پێناچێت و ھەموو لایەك رێكدەكەون.

هاوكات جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌، لەگەڵ پارتی رێككەوتنی سیاسییان كردووە و  لەسەر رێككەوتنی بەشداری لە حكوومەتیش گەیشتوونەتە رێككەوتن و تەنیا ماوەتەوە واژۆی بكەن.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، دەمانەوێ كابینەی نوێی حكوومەت بەھێز بێت و لە كابینەكانی رابردوو ھەندێك ھەڵە روویان داوە، نامانەوێ لەم كابینەیەدا دووبارە ببنەوە.