بەفر و بارانبارین دەست پێدەكات

پلەكانی گەرمی دادەبەزێت

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی ھەرێمی كوردستان، سبەی شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین روو لە ھەرێمی كوردستان دەكات و لە ھەندێك ناوچە لە ناو شارەكانیش بەفر دەبارێت.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی پێشبینیەكان دوانیوەڕۆی سبەی چوار شەممە شەپۆلێكی بارانبارین روو لە ھەرێمی كوردستان دەكات، سەرەتا پارێزگای دھۆك دەگرێتەوە و دواتر دەگاتە ناوچەكانی دیكەی كوردستان".

گوتیشی: "بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەفربارین دەست پێدەكات، پێشبینی دەكرێت لەناو سەنتەری شاری سلێمانی بەفر ببارێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو شەپۆلەی بەفر و بارانبارینە لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینی كاریگەرییەكانی لاواز دەبێت، پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ ژێر سفر".