چیرۆکی ئەو کچەی لە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە کانی ماسی برینداربوو
K24 - زاخۆ
بههۆی شهڕ و پێكدادانی نێوان پهكهكه و سوپای توركیا له گوندێكی سنووری شارەدێی كانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، منداڵێكی تهمهن 13 ساڵ بە گوللـە برینداربوو.
دالیا، لەگەڵ دایک و خوشک و پوورەکانی لە گوندی بێدوهـ خەریکی پیاسەکردن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ بوون، کاتێک بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا لەنزیک گوندەکە، دالیای تەمەن 13 ساڵ بە گوللـە بریندار بوو.
دایكی، چیرۆکی رووداوەکە و چۆنییەتی برینداربوونی دالیا بۆ کوردستان 24 دەگێڕێتەوە و داوا دەکات، چیدیکە گوند و ناوچەکەیان نەبێتە شوێنی شەڕی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە.
ئەمەل یاسین، دایکی دالیا باسی چیرۆکی برینداربوونی کچەکەی و ماڵوێرانیی کەسوکارەکەی دەکات بەهۆی بەردەوامیی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچەکەیان و دەڵێ: "ئێمە چووینە ماڵی مامم لە گوند، ویستم منداڵەکانم بگەڕێنم، نەمزانی دەبێتە شەڕ. کاتێک شەڕ لە چیا دەستیپێکرد، هەریەکەیان بەلایەکدا هەڵات... نەمزانی کچەکەم بریندارە، تاوەکو کچەکەی دیکەم واینەگوت. با ئەو پەکەکە و تورکانە لە وڵاتی ئێمە دەرچن، بەڕاستی ئەوان ئێمەیان ماڵوێرانکرد".
دوای برینداربوونی، دالیا لە نەخۆشخانەی کانی ماسییەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ گوێزراوەتەوە و ئێستاش لەوێ خەوێنراوە و رەوشی تەندروستیی جێگیرە.