"راوێژكاره نوێیه‌كه‌ی تره‌مپ ئه‌و دۆخه ده‌گۆڕێت كه عه‌بادی به‌سه‌ر كورد دا سه‌پاندوویه‌تی"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یاتی له‌نده‌نی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به گۆڕانكارییه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا كردووه‌و نوسیوویه‌تی: "دامه‌زراندنی به‌رپرسانی نوێ له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له به‌غدا هه‌بووه‌و ناوه‌نده سیاسیییه‌كانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و گۆڕانكارییانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بارودۆخی عێراق هه‌بێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێستای عێراق.
تره‌مپ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو رایگه‌یاند: "هێربه‌رت مكماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له پۆسته‌كه‌ی لاداراوه‌و له بری ئه‌و باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، جۆن بۆڵتن دامه‌زرێنراوه" كه به هه‌ڵوێسته تونده‌كانی به‌رامبه‌ر ئێران ناسراوه. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش پاش چه‌ند رۆژێكی كه‌مه له دوورخستنه‌وه‌ی ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و دانانی مایك پۆمپیۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندی ئه‌مریكا له شوێنه‌كه‌ی.
ئه‌لحه‌یات ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه‌ی عێراق كه زۆر له ئێرانه‌وه نزیكن، له‌و گۆڕانكاریانه نیگه‌رانن و تووشی دڵه‌ڕاوكێ بوون، به‌تایبه‌تی له كاتێكدایه ده‌نگوباسی توندتربوونی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی تاران گه‌رم بووه.
به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نیش به پێچه‌وانه‌وه له سیاسه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر به عێراق ده‌ڕوانن به‌تایبه‌تی له پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوودا. ئه‌و ناوه‌ندانه پێیانوایه ئێران هه‌ڵوێسته‌كانی كه‌مترین گرژی تێدا ده‌بێت و به‌شێوازێكی دیكه كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق داده‌نێت.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، به‌شێكی ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئێرانی، له هاوپه‌یمانێك ده‌گه‌ڕێن تا یارمه‌تییان بدات له گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ واشنتن، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستای عێراقیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به باشترین بژارده ده‌زانن تا ئه‌و ئه‌ركه له ئه‌ستۆ بگرێت.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌و لایه‌نه توندڕه‌وانه‌ی له عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئێران و سوپای پاسدارانه‌وه نزیكن، ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵی حكومه‌تی داهاتووی عێراق بكه‌ن، ئه‌ویش له رێگه‌ی كه‌سانی وه‌ك هادی عامری و نووری مالیكی، به‌و هۆیه‌شه‌وه بازنه‌ی ململانێكانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا فراوانتر بكه‌ن و عێراق بكه‌نه مه‌یدانی ئه‌و ململانێیه.
كه‌سانی نزیك له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ رۆژنامه‌كه‌یان ئاشكراكردووه‌و گوتوویانه، پێده‌چێت عه‌بادی بۆ قۆناغی داهاتوو بژارده‌ی ئه‌مریكا و ئێران و عه‌ره‌بیش بێت. به‌ڵام نیگه‌رانییه‌كه ئه‌وه‌یه واشنتن داوا له سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق بكات هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌ره‌و روونی به‌رامبه‌ر ئێران هه‌بێت، ئه‌وه‌ش بۆ عه‌بادی زۆر قورس ده‌بێت كه به "پیاوی راگرتنی هاوسه‌نگی" ناسراوه.
ئه‌لحه‌یات ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پارتی دیموكراتی كوردستان به دامه‌زراندنی جۆن بۆڵتن خۆشحاڵه، چونكه كه‌سێكه به پاڵپشتیكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناسراوه. به‌گوێره‌ی پێشبینی رۆژنامه‌كه، دامه‌زراندنی بۆڵتن، ئه‌و هاوكێشه‌یه ده‌گۆڕێت كه به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌سه‌ر كورددا سه‌پێنراوه.
ئه‌سیل نوجێفی كه پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وایش به‌و گۆڕانكارییه دووچاری دڵه‌ڕاوكێ بووه‌و له توێتێكدا ده‌ڵێت: "پێشبینی ده‌كه‌م عێراق ببێته مه‌یدانی ململانێی خوێناوی نێوان ئێران و ئه‌مریكا".
به‌گوێره‌ی پێشبینی چاودێران كه رۆژنامه‌كه خستوویه‌تییه روو، 10 تا 40 كورسی هێزه بچووكه‌كان له پاش هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق كه بڕیاره 12/5/2018 ئه‌نجام بدرێت، ده‌بنه پارسه‌نگی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كوتله‌ی زۆرینه و كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌و ھێزانه‌یش زۆر ده‌خایه‌نێت و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌رگا بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و ئه‌مریكا زیاتر ده‌كرێته‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتییه سیاسییه‌كان درووستبكه‌ن و یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.