عه‌مار حه‌كيم داوا له‌ توركيا ده‌كات رێز له‌ سه‌روه‌رى خاكى عێراق بگرێت

و عێراق له‌ ململانێى هه‌رێمايه‌تى و نێوده‌وڵه‌تى به‌ دوور بگرێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هاوپه‌يمانى ئيسلاح و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، عه‌مار حه‌كيم داواى له‌ توركيا كرد، رێز له‌ سه‌روه‌رى خاكى عێراق بگرێت و عێراق له‌ ململانێى هه‌رێمايه‌تى و نێوده‌وڵه‌تى به‌ دوور بگرێت.

نووسينگه‌ى عه‌مار حه‌كيم، له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ ميانى پێشوازيكردنى له‌ باڵيۆزى توركيا له‌ به‌غدا، فاتح يه‌ڵدز، عه‌مار حه‌كيم داوايكردووه‌، توركيا رێز له‌ سه‌روه‌رى خاكى عێراق بگرێت.

هه‌روه‌ها  داوايكردووه‌، هه‌موو كێشه‌كان له‌ رێگه‌ى وتوێژ و دانووستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ دوو رۆژى رابردوودا فڕۆكه‌كانى توركيا چه‌ند جارێك سنوورى شنگال و مه‌خمووريان بۆردومان كرد.

توركيا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات، ناوچه‌ بۆردومانكراوه‌كان سه‌ربازگه‌ و پێگه‌ى هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان بووه‌.