ئۆتۆمبێلێك له نزيك بيناى پارێزگاى كه‌ركووك ته‌قييه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
پۆليسى كه‌ركووك رايگه‌ياند، ئه‌مشه‌و ئۆتۆمبێلێك له جۆرى نيسان/ پاترۆڵ له شه‌قامى پارێزگا و نزيك غازى مۆڵ ته‌قييه‌وه.
ئه‌فراسياو كاميل، وته‌بێژى پۆليسى پارێزگاى كه‌ركووك رايگه‌ياند، ئه‌و ته‌قينه‌وه‌يه بووه‌ته هۆى برينداربوونى چوار كه‌س، كه رێبوار بوونه.
پۆليسى كه‌ركووك زانيارى زياتر له باره‌ى ورده‌كارى ته‌قينه‌وه‌كه نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.
هێزه ئه‌منييه‌كان گه‌يشتوونه‌ته شوێنى رووداوه‌كه و لێكۆڵينه‌وه ده‌ستيپێكردووه.
ته‌قينه‌وه‌ى ئه‌مشه‌وى نزيك بيناى پارێزگار له كه‌ركووك دواى ئه‌وه دێت، كه هه‌ر ئه‌مشه‌و له رێگه‌ى نێوان حه‌ويجه و رياز پێنج چه‌كدارى حه‌شدى توركمانى كه‌وتنه بۆسه‌ى داعشه‌وه و سه‌رجه‌ميان كوژران.
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ داعش گرته‌ى ڤيديۆى گوله‌بارانكردنى هه‌شت چه‌كدارى حه‌شد و سوپاى عێراقى بڵاوكرده‌وه، كه له چه‌ند رۆژى رابردوودا له نزيك به‌رزاييه‌كانى حه‌مرين كه‌وتبوونه بۆسه‌ى داعشه‌وه.