ھێزەكانی عێراق سەدان كەس دەستگیر دەكەن

داوا لە حكوومەتی عێراق دەكرێت زانیاری لەبارەی گیراوان ئاشكرا بكات

K24 - ھەولێر

ھیومان رایتس وۆچ ھەواڵگری عێراق بە دەستگیركردنی سەدان كەس تۆمەتباردەكات و داواش لە حكوومەتی عێراق دەكات زانیاری تەواو لەبارەی گیراوان ئاشكرا بكات.

لە راپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا ھاتووە، لەكاتێكدا دەزگا ھەواڵگرییەكانی عێراق رەتیدەكەنەوە ھیچ كەسێكییان دەستگیركردبێت، بەڵام چەندین بەڵگە لەسەر دەستگیركردنی زیاتر لە 400 كەس لە رۆژھەڵاتی مووسڵ ئاشكراكراون.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی ھیومان رایتس وۆچ، 427 كەس لە مووسڵ دەستگیركراون و بەشێكییان 7 مانگ زیاترە بێسەروشوێنن.

رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، بە روونی ئەو ھێزانە دیاربكات، كە بەرپرسن لە دەستگیركردنی خەڵك و ژمارەی دەستگیركراوانیش بەتەواوی ئاشكرابكات و ئەو كەسانەش ئازاد بكات كە ھیچ تۆمەتێكیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.

پێشتریش سوننەكان، چەندین جار سكاڵایان لە ھێزە عێراقییەكان كردووە، كە زۆربەی خەڵكیان لە ناوچە سوننە نشینەكان دەستگیركردووە.

ھ.م