ھەرێمی كوردستان جەژنێكی جیاواز بەڕێدەكات

ھاووڵاتییان پابەندن بە رێنماییەكانی خۆپارێزی
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە ھەرێمی کورستان جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بەهەموو پێوەرێک لە گەڵ جەژنی ساڵانی رابردوو جیاوازە، چونکە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەی هاتووچۆی تەواو راگەیەنراوە.

لەم سەردەمەشدا، لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە بەهێزیی ماونەتەوە، بە تایبەت لە رۆژانی جەژن هاونیشتمانییان بۆ گەردەنئازایی و پیرۆزبایی، سەردانی یەکدی دەکەن، بەڵام ئەم جەژنە جیاوازە و هەموو شوێنێک چۆڵ دەردەکەوێت.

بەپێی بڕیاری پارێزگاری هەولێر دەرگای مزگەوتەکان لە رۆژی جەژنی رەمەزان ناکرێنەوە، بەڵام هەندێک هاووڵاتی لە دەرەوەی مزگەوتەکان نوێژی جەژنیان کردووە، هەروەها هەندێک مامۆستایانی ئایینی، دەرگای مزگەوتەکانیان نەکردووەتەوە و تەنیا خۆیان و فەرمانبەرانی مزگەوتەکان، نوێژی جەژنیان لە مزگەوتەکانیان کردووە.

لە دەرەوەی بەشێکی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی، نوێژی جەژن کرا

جەژنەکانی رابردوو بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، جممەی دەهات لە خەڵک، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، هیچ جووڵەیەکی لێ بەدی ناکرێت، تەنانەت بەشێکی شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی بەربەستیان لێدانراوە، جگە لەوانە هێزە ئەمنییەکانیش بڵاوەیانپێکراوە تاوەکو دڵنیابن لە جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ.

لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەهەمان شێوەی شوێنەکانی دیکەی کوردستان، نوێژی جەژن لە مزگەوتەکان نەکرا، تەنیا هەندێک مزگەوت نەبێت، کە بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و ئامادەبوونی تەنیا چەند کەسێک نوێژ کراوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە زاخۆ، دەڵێ: "ئەوەی جیاوازە، هەرچەندە لەم ناوچانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەهێزن و جەژنان پیاوان بەکۆمەڵ بەیەکەوە سەردانی ناسیاوەکانیان دەکەن، بەڵام ئەم جەژنە هیچ شتیکی وا بەدی ناکرێت".

ئەڤین عەتا، پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە لە بارەی یەکەم رۆژی جەژن لەو شارە دەڵێ "هاووڵاتیان بەکەمی پابەندن بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا. بەیانی، نوێژی جەژن لە زۆربەی مزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا، هەروەها هاووڵاتییان بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکدی دەکەن و لە شەقامەکانیشدا هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگری لە هاتووچۆ نابینرێن".