پارتى و يه‌كێتى به‌رده‌وامن له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر داخوازييه‌كانى يه‌كتر

پارتى له‌ باره‌ى پارێزگارى كه‌ركووك و پۆستى وه‌زاره‌تى داد ئه‌م په‌يامه‌ى به‌ يه‌كێتى گه‌ياندووه‌

K24 – سلێمانى:

كۆبوونه‌وه‌ى شاندى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان و مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى له‌ سلێمانى به‌رده‌وامه‌ و به‌ گوێره‌ى زانيارى كوردستان24، يه‌كێتى پێداگيرى له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانى خۆى بۆ به‌شداريكردن له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

ئارام به‌ختيار، په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ سلێمانى رايگه‌ياند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى و يه‌كێتييدا تاوتوێى ئه‌و 18 خاڵه‌ و چۆنێتى جێبه‌جێكردنيان كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ولێر هه‌ردوولا له‌باره‌يانه‌وه‌ رێككه‌وتبوون.

گوتيشى: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆدا يه‌كێتى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پۆستى وه‌زاره‌تى دادى حكومه‌تى عێراق و پارێزگارى كه‌ركووك و پێكهێنانى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ك يه‌ك پاكێج مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌كات و نايه‌وێت به‌ جيا بڕياريان له‌ باره‌وه‌ بدات.

ئاشكراشيكرد، شاندى پارتى پێداگيرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى به‌غدا و كه‌ركووك ده‌بێت كۆده‌نگى نيشتمانى و ره‌زامه‌ندى پارتى له‌سه‌ر كانديده‌كان هه‌بێت.

روونيشيكرده‌وه‌، دواى نانى نيوه‌ڕۆ هه‌ردوولا ده‌ستيان به‌ كۆبوونه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌، هه‌ردوولا زانيارى بۆ ميديا ئاشكرا بكه‌ن.