"پەكەكە زیاتر لە 10 سەربازی توركیای كوشت"

ژمارەیەك سەربازی دیكە برینداربوون

K24 - ھەولێر

گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی باكوور و باشووری كوردستان، ھێرشیان كردووەتە سەر سوپای توركیا و زیاتر لە 10 سەربازیان كوشتووە.

ئاژانسی فوڕاتی نزیك لە پەكەكە بڵاویكردەوە: "گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچەى بەستای شرناخ، ھێرشیان كردووەتە سەر بنكەیەكی سوپای توركیا و لانی كەم 3 سەرباز كوژراون و چەندی دیكەش برینداربوونە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە: "سوپای توركیا تەرمی كوژراو و بریندارەكانی بە ھێلیكۆپتەری سەربازی گواستووەتەوە نەخۆشخانەی حكوومی شرناخ".

لە لایەكی دیكە گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست ھێرشی كردووەتە سەر سوپای توركیا فورات نیوز بڵاویكردووەتەوە: "گەریلاكان لە گردی کەڤۆرتێی گوندی لێلکان لە دەڤەری برادۆست، لە چالاكییەكدا دژی سوپای توركیا 8 سەربازی سوپای توركیا كوژراون".

ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان باشوور و باكووری كوردستان، ئۆپەراسیۆنی دژی گەریلاكانی پەكەكە دەستپێكردووە و لە ھەندێك ناوچە بە بیانووی بوونی بارەگاكانی پەكەكە سنووری ھەرێمی كوردستانی بەزاندووە.

ھ.م