كۆمپانیایەك ھەولێر بێ ئاو دەكات

بەڕێوەبەری گشتی ئاو ھۆكارەكە روون دەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە بەدواداچوونێكدا لەبارەی نەبوونی ئاو لە چەند گەڕەكێكی ھەولێر ھۆشمەند سادق پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لە دوێنێوە بۆری ئاوی ئیفرازی ھەولێر لەنێوان عنكاوە و گوندی گەزنە شكاوە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی كە زۆربەی گەڕەكەكانی ھەولێر بێ ئاوبن، ئێستا تیمەكانی چاككردنەوە سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆرییەكەن".

پەیامنێرمان روونیكردەوە: "ھۆكاری سەرەكی شكانی ئەو بۆرییە دروستكردنی گۆكایەك لەلایەن كۆمپانیایەك لە نزیك بۆرییەكە و بەبێ پرسی بەڕێوەبەرایەتی ئاو ئەو پڕۆژەیە كراوە و زیانی زۆری بە بۆرییەكە گەیاندووە".

مەسعوود كارەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو بۆرییەی كە شكاوە بۆری پرۆژەی ئاوی ئیفراز 3ی ھەولێرە كە ئاوی زیاتر لە نیوەی شاری ھەولێر دابین دەكات، ھۆكارەكەشی دروستكردنی كۆگایەكە كە بە زێدەڕۆیی دروست كراوە بێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی".

گوتیشی: "ئێستا تیمەكان سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆرییەكانن و ھیوادارین لە 2 تا 3 كاتژمێری دیكە بتوانین بە تەواوی چاكی بكەینەوە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی كوردستان، كۆمپانیایەك كە بەھۆی دروستكردنی كۆگا بووەتە ھۆی شكاندنی بۆرییەكە، بەڵام بەرپرسانی ئاو ھیچ ئاماژەیەكیان بە سزادانی ئەو كۆمپانیایە نەكرد.

ھەروەھا ئاری قادر، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "زیاتر لە 15 گەڕەكی شاری ھەولێر ئاویان لەو بۆرییە بۆ دەچێت كە ئێستا شكاوە".

روونیشیكردەوە: "بۆ كاتژمێر 6 تا 7 ئێوارە ئاو دەگاتەوە كۆگای سەرەكی، ئەمشەو دەتوانین ئاو بدەینەوە بەشێك لەو گەڕەكانەی كە بێ ئاوبوونە، رۆژێك زیاتری دەوێت بۆ ئەوەی ئاو بۆ ھەموو گەڕەكەكان بگەرێتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە لە دوێنێوە زۆربەی گەڕەكەكانی ھەولێر ئاویان بۆ نەھاتووە و دانیشتووانی ھەولێریش لە ھۆكاری نەبوونی ئاو ئاگادار نەكرابوونەوە.

ھ.م