نووسینگه‌ی عه‌بادی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و حه‌یده‌ر عه‌بادی بڵاوده‌كاته‌وه‌

"پێویسته‌ هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران خێرا بكرێن"

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی میدیایی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیری كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، "ئه‌مڕۆ له‌ دیداری نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیری هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق و گرنگی خێراكردنی هه‌وڵه‌كان بۆ ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌ ده‌ستوورییه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو كرا".

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، "پێویسته‌ حكوومه‌تی داهاتوو هاوته‌ریبی بۆچوونی هاووڵاتیان بێت له‌ بونیاتنانه‌وه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، سه‌قامگیركردنی ئه‌منی و ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌رفه‌تی كار".

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی نووسینگه‌ی عه‌بادی، "له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆسیه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان كرا و جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌و هاوكاریانه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدان‌".

وه‌ك ئاماژه‌ی پێدرا، "له‌ دیداره‌كه‌دا بارزانی و عه‌بادی هاوهه‌ڵوێست بوون له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاته‌كانی داهاتوو و پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ به‌ هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی فیدراڵ به‌ده‌ستهاتوون و به‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتوون".

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیری هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئیداری و كوتله‌ سیاسییه‌كان كۆبووه‌وه‌، له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كاندا زۆرترین گفتوگۆ له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق و ده‌ستنیشانكردنی كاندیدان بۆ پۆسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرا.

H.B