سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هۆشداری رێژەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی دەدات

"تا بكرێت كارەكانتان لە ماڵەوە ئەنجام بدەن"

K24- هەولێر:

بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هۆشداری لە رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی دەدات و دەڵێت: هەر 5 رۆژ جارێك ژمارەی تووشبووان بۆ دوو ئەوەندە زیاد دەبێت.

جۆنسن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە، "ئەگەر رێكاری توندتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵاتەكەمان نەگرینەبەر، هەر 5 رۆژ جارێك ژمارەی تووشبووان بۆ دوو ئەوەندە بەرز دەبێتەوە".

جۆنسن داواشی لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ بەدوور بگرن و سەردانی قاوەخانە، یانە، سینەما و شوێنە گشتییەكان نەكەن و تا پێیان بكرێت، لە ماڵەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن و لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.

هەروەها دووپاتیكردەوە، لەپێناو هێواشكردنی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویستە پەیوەندییە ناپێویستەكانی نێوان كەسەكان كەمبكرێنەوە، وێڕای كەمكردنەوە سەردانە ناپێویستەكان.

ئاماژەی بەوەشدا، بەریتانیا لەو قۆناغە مەترسیدارە نزیك دەبێتەوە، كە تێیدا ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بە خێرایی تەشەنە دەكات.

ئاشكراشیكرد، لە هەندێك ناوچەی وڵات بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا خێراتر بووە، لەوانەش لەندەن بە چەند هەفتەیەك دەكەوێتە پێشەوەی ئەو ناوچانە.

H.B