مێركڵ و نێچیرڤان بارزانی لە چارەسەر دەگەڕێن

شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیایە

K24 - ھەولێر

شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، لە ئەڵمانیایە و بڕیارە راوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە چەند پرسێك تاوتوێ بكەن.

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتنە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و بە پێی زانیارییانەی كە پێشتر فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان كارنامەی سەردانەكەی بڵاوكردبووەوە و ئاشكرای كردبوو، بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، لەگەڵ ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا و سیگمار گابریەل، وەزیری دەرەوە و ڤۆرسۆلا ئۆندەرلاین، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە كۆببنەوە. ھەروەھا بڕیارە شاندەكەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، سەردانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بكەن.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان، شەڕی دژی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەردوولا دەبێت.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بەھۆی ئەوەی عەبادی رێگەی نەدا بێتە ھەرێمی كوردستان، سەردانێكی بۆ عێراق ھەڵوەشاندەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەشدا نێچیرڤان بارزانی، بە یاوەری شاندێكی حكومەت سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی ئەو وڵاتە رەوشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێكرد.