ژاپۆن گرنگی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ژاپۆن له‌ عێراق چه‌ند پرسێك تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18/12/2018  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ناوفومی هاشیمۆتۆ باڵیۆزی نوێی ژاپۆن له‌ عێراق چه‌ند پرسێكیان تاوتوێ كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ مۆریاسۆ كاتسۆمی، كونسوڵی گشتیی ژاپۆن و شاندێكی یاوه‌ریان ئاماده‌ى بوون، هاشیمۆتۆ خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكاری و هاریكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ كار و چالاكییه‌كانی خۆی و كونسوڵی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان خواست و گووتی: "ژاپۆن گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و ده‌ستخۆشی له‌ به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد".

 هه‌روه‌ها به‌شداریی هه‌رێمی كوردستانى له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌رز نرخاند و هیوای خواست كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن و باسی له‌ دیالۆگی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت كرد.

لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى، به‌رده‌وامیی هاریكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمیشی خستةڕوو و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ژاپۆن ده‌ڕوانێت و هیوای به‌رده‌وامییانى خواست، بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كانیان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق كه‌ به‌شێكی به‌ر هه‌رێمی كوردستانیش كه‌وتوون و له‌ورووه‌وه‌ سوپاسی ژاپۆنی كرد.

نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ی به‌ به‌شداریى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا كرد و هیواى خواست كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا‌ به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن.

 سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد كه‌ دیالۆگێكی جددی بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه.

تاوتوێكردنی دۆخی عێراق به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نیكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.