شای سعوودییە كوڕەكەی كردە جێنشینی خۆی

شای سعوودییە محەمەد بن نایفی لە جێنشینی دوورخستەوە

 K24 - ھەولێر

مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودییە، محەمەد بن نایفی برازای لە جێنشینی سعوودییە دوورخستەوە و محەمەد بن سەلمان كە كوڕەكەی خۆیەتی كردی بە جێنشینی وڵات.

لە بەیاننامەیەكدا كە لە میدیاكانی سعوودییە بڵاوكرایەوە، مەلیك سەلمان شای سعوودییە رایگەیاند، بە چاوخشاندنەوە بە سیستمی حوكمڕانی وڵات، بە كۆی دەنگی ئەندامانی دەستەی بەیعەت بڕیاردرا، محەمەد بن سەلمان بكرێت بە جێنشینی سعوودییە.

وەك لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "بڕیارماندا بە بەخشینی محەمەد بن نایف لە پۆستی جێنشینی وڵات و ھەروەھا پۆستەكانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی سعوودییە".

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەی شای سعوودییە بڕیاریدا، عەبدورحمان بن عەلی وەزیری ناوخۆی لە ئەركەكەی بەخشی و بە پلەی وەزیری لە دیوانی پاشایەتی دامەزراند، ھەروەھا راوێژكارێكی دیوانی پاشایەتی كرا بە وەزیری ناوخۆی سعوودییە.

 

كورتەیەك لە ژیاننامەی جێنشینی نوێی سعوودییە

محەمەد بن سەلمان ئال سعود ئابی 1985 لەدایكبووە

كوڕی شەشەمی شا سەلمان بن عەبدولعەزیزە

بەكالیۆرۆسی لە یاسا ھەیە

پێشتر وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بووە

خاوەنی بیرۆكەی دیدگای 2030 بۆ قۆناخی دوای نەوتە لە سعوودییە

رۆڵی سەرەكی لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران و  شەڕی حووسییەكان لە یەمەن ھەیە.