لە ھەشت رۆژدا 8 ھەزار مۆڵەتی شۆفێری دەستی بەسەردا گیراوە
K24 - ھەولێر
به‌گوێرەی ئامارێكی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتووچۆی هه‌رێم كه دەست كوردستان24 كەوتووە، له‌ماوه‌ی هه‌شت رۆژی رابردوودا له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له هه‌شت هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی شۆفێری ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و پتر له 2 ھەزار سه‌رپێچی تۆماركراوه و نزیكه‌ی 400 ئۆتۆمبێلیش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
وته‌بێژی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هه‌ولێریش رایدەگەیەنێت "له بارودۆخێكی مه‌ترسیدارداین و گه‌ر هاووڵاتییان پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بن، دواتر په‌شیمانی دادمان نادات".
لە چوارچێوەی رێكارەكانی خۆپارێزی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌كان راگەیاندووە و لەم چەند رۆژەی دوایشدا توندتر دەكرێت. به‌و هۆیه‌شه‌وه له‌ماوه‌ی هه‌شت رۆژی رابردوودا له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 8 ھەزار به‌ڵگه‌نامه‌ی شۆفێری ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و 2 ھەزار و 50 سه‌پێچی تۆماركراوه و نزیكه‌ی 400 ئۆتۆمبێلیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه.
له دوای په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كە باس له‌وه‌ده‌كات كه ژماره‌ی تووشبووان له هه‌رێمی كوردستان روو له هه‌ڵكشانه و داواشیكردووه هاووڵاتییان پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن، گه‌رنا داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێت رێكاری توندتر به‌رامبه‌ر به سه‌رپێچیكاران جێبه‌جێ بكه‌ن. پۆلیسی شاره‌وانی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێری رابردوودا نزیكه‌ی 100 سه‌رپێچیكار سزادراون و له داهاتووشدا رێكاره‌كان توندتر ده‌كه‌ن.