به‌شداریكردنمان له‌ هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌سته‌ به‌ رزگاركردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌وه‌

"له‌گه‌ڵ كورد و توركمان نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن"

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی پارێزگای كه‌ركووك، داوا له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌كه‌ن، پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی باشوور و رۆژئاوای كه‌ركووك ده‌ست پێبكه‌ن، ئه‌وه‌شیان وه‌ك مه‌رجی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی پارێزگاكه‌ دیاریكردووه‌ و تا ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئیسماعیل حه‌دیدی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی، به‌ میدیا عێراقیه‌كانی راگه‌یاندووه‌ "عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك داوا له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق و ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن، حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی باشوور و رۆژئاوای كه‌ركووك كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ تا ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌نرێت و ئه‌و ناوچانه‌ رزگار نه‌كرێن و ئاواره‌كان به‌ رێزه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان، ئێمه‌ به‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێك رازی نابین".

هه‌‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ "له‌ كاتێكدا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت، ئێمه‌ داواكارین، یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ پارێزگای كه‌ركووك ده‌ربكرێت و ره‌چاوی مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ی تێدابێ و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتیشی یه‌كلایی كردبێته‌وه‌".

ئیسماعیل حه‌دیدی روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "گفتوگۆ و دانووستاندن له‌ نێوان نوێنه‌ری پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی و توركمانی و كورد بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك".