فازڵ به‌روارى پێش گيانله‌ده‌ستدانى له فيسبووك وێنه‌يه‌كى ده‌گمه‌نى خۆى بڵاوكردبوويه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
شه‌وى رابردوو، ليوا فازڵ به‌روارى، فه‌رمانده‌ى فيرقه‌ى ئاڵتوونى سوپاى عێراق، له هه‌ولێر كۆچى دواييكرد.
دواين پۆستى فازڵ به‌روارى له په‌يجه‌كه‌ى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك، وێنه‌يه‌كى سه‌رده‌مى گه‌نجييه، كه به جلوبه‌رگى كوردييه‌وه گرتوويه‌تى.
فازڵ به‌روارى له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ى نووسى بووى: "ئێواره‌تان باش خۆشه‌ويستانم، ئه‌مه‌ش وێنه‌يه‌كى رۆژگارى گه‌نجى".
فازڵ جه‌ميل به‌روارى، ئه‌فسه‌رى باڵاى كورد بوو له ريزى سوپاى عێراق و دواين پله‌ى سه‌ربازى كه پێى گه‌يشتبوو، پله‌ى ليوا بوو، شه‌وى رابردوو له شارى هه‌ولێر كۆچى دواييكرد. ئه‌مڕۆش ته‌رمه‌كه‌ى له به ئاماده‌بوونى خزم و كه‌سوكاره‌كه‌ى له شارى دهۆك به‌خاك سپێردرا.
وێستگه‌كانى ژيانى فازڵ به‌روارى له ساڵى 1966 له پارێزگاى دهۆك له‌دايكبووه.
له سه‌ره‌تاى ده‌يه‌ى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو، په‌يوه‌ندى به هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه كردووه.
دواى رووخانى رژێمى به‌عس، له 2003دا په‌يوه‌ندى به سوپاى عێراقه‌وه كردووه و به خێرايى پله‌ى سه‌ربازى به‌رز كراوه‌ته‌وه و بووه‌ته فه‌رمانده‌ى يه‌كه‌ى هێزى ئۆپراسيۆنه تايبه‌ته‌كانى سوپاى عێراق، كه به ده‌سته‌بژێرى هێزه تايبه‌ته‌كان هه‌ژمار ده‌كران و له لايه‌ن سوپاى ئه‌مه‌ريكاوه راهێنانيان پێكرابوو و به چه‌كى ئه‌مه‌ريكى پڕچه‌ك كرابوو.
هێزه‌كه‌ى فازڵ به‌روارى له 2014دا سه‌ركردايه‌تى شه‌ڕه‌كانى دژ به داعشى له ئه‌نبار كرد.
هه‌روه‌ها سه‌ركردايه‌تى هێزه ئه‌منييه‌كانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له مووسڵ و ناوچه‌كانى سنوورى پارێزگاى سه‌لاحه‌دين كردووه.
له رووى سه‌ربازييه‌وه:
-له 2004دا به‌شدارى له پرۆسه‌كانى فه‌لوجه كردووه وه‌ك فه‌رمانده‌ى فه‌وج.
-له 2004دا بووه‌ته ئامر ليوا، دواى ئه‌وه‌ى به‌شدارى له شه‌ڕى نه‌جه‌ف كردووه.
-له 2004دا به‌شدارى له شه‌ڕى رزگاركردنى سامه‌ڕا و پاراستنى مه‌زارگه‌ى دوو پێشه‌واكه‌ى شيعه كردووه.
-هه‌ر له 2004دا به‌شدارى له رزگاركردنى شارى مه‌دائين له ژێر ده‌ستى قاعيده كردووه.
-له 2005دا وه‌ك فه‌رمانده‌ى ليوا به‌شدارى له شه‌ڕى دووه‌مى فه‌لوجه كردووه.
-له 2007دا بووه‌ته فه‌رمانده‌ى ئۆپراسيۆنه تايبه‌ته‌كانى عێراق.
-له 2008دا به‌شدارى له ئۆپراسيۆنه‌كانى بشائيرولخه‌ير و دياله و مووسڵدا كردووه.
-له 2008دا به‌شدارى له شه‌ڕه‌كانى فه‌لوجه و نه‌جه‌ف و به‌سره و دياله و مووسڵ كردووه.
-له پرۆسه‌كانى رزگاركردنى دياله و مووسڵ و ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراق له ژێر ده‌ستى داعش و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه له 2014ه‌وه تا 2017 رۆڵى گرنگى گێڕاوه.