پەرلەمان پڕۆژە یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆكایەتی ھەرێم تاوتوێ دەكات

پارتی داوا دەكات خولی داھاتووی پەرلەمان كێشەكانی سەرۆكایەتی ھەرێم یەكلابكاتەوە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەکەم لەبارەی پڕۆژه‌یاسای هه‌موارى په‌یمانگه‌ی دادوه‌رى له‌ هه‌رێمی كوردستان دەکرێت، هاوکات گفتوگۆش لەبارەی پرۆژەیاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دەکرێت.

ھەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لەبارەی پڕۆژه‌ بڕیارى پێشوازى به‌پێی پرۆتۆكۆل له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان تایبه‌ت به‌ پێشوازی له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و هاوتا وه‌زیفییه‌كانیان دەکرێت.

ئامینە زکری، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند: "لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی پڕۆژەیاسایەکی ئاراستەی پەرلەمان کردووە. لە پڕۆژەکەدا هاتووە، تاوەکو کێشەکان لەسەر ئەو پرسە یەکلایی دەبنەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوابخرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "وەکو پارتی کێشەیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام بە باشی دەزانن کێشەکان لەسەر ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە".

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدانییە ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ خولی داھاتووی پەرلەمان دوابخرێت. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەھزاد زێباری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەریاند: "ئێمە لەگەڵ دواخستنی ئەو پڕۆژە یاسایە نین، دەبوایە لە 30 ئەیلوولی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێم لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان بكرابوایە، كە ناكرێت ئێستا ئێمە داوای ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێم دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە ئێستا یەكلایی ببێتەوە و نەخرێتە خولی داھاتووی پەرلەمان

ھ.م