ئێزدییەكان ئومێدیان بە مەسروور بارزانییە

"گەشبینین لە داھاتوودا خزمەتی زیاتر بە ئێزدییەكان دەكرێت"
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بووه‌ته‌ باس و خواسی گەرمی شەقامی کوردستان، هەر لایەن و پێکهاتەیەکیش داواکاری و خواستی جیاوازیان هەیە، کوردانی ئێزدی بە تایبەت لە شنگال هیوایان هەیە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێ کێشەکانی ئەوان چارەسەر بکات و کۆتایی بێنێت بەو نادادپەروەریەی بەغدا بەرامبەر ناوچەکانیان دەیکات.

عەنتەر دنایی، یەكێكە لە رۆشنبیرانی ئێزدییەكان بە كوردستان24 گوت: "وەك ئێزدییەكان ئومێدی زۆرمان ھەیە بە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەیە، چونكە مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی كردنی ئەو كابینەیە دەست نیشانكراوە، لەبەر ئەوەی خەڵكی كوردستان ئەزموونی مەسروور بارزانی-یان بینیووە وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، رۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە ئارامی و سەقامگیری بۆ ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە، ئەوە وایكردووە ئێمە گەشبین بین بە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

ھەروەھا مەروان شێخ حەسەن، نووسەر و رۆشنبیر دەڵێت: "زۆر گەشبینین كە ئەمجارە ئێزدییەكان پەراوێز ناخرێن، چونكە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ھەرێمی كوردستان دەكات".

ئێزدییەكان ئومێدی زۆریان ھەیە لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كێشەكانیان چارەسەر بكرێن و شنگال ئاوەدان بكرێتەوە.

دەروێش جیجی، پێی وایە: "ئێمە ئومێدی زۆرمان ھەیە كە لەدوای راسپاردنی مەسروور بارزانی وەك سەرۆك وەزیران كاری زیاتر بۆ خزمەتی ئێزدییەكان و ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەكرێت".

کازم بەکر، وەك چالاكوانێكی ئێزدی دەڵێ: "دەست نیشانكردنی مەسروور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بۆ كابینەی داھاتوو، جێگەی دڵخۆشی ئێزدییەكانی شنگالە، لەوباوەڕەداین بەدواداچوونی زیاتر بۆ كەیسی ئێزدییەكان دەكرێت و پشتیوانی زیاتر لە ئێزدییەكانی شنگال دەكرێت".