یەپەگە: تا ئێستا لەگەڵ حكومەتی سووریا رێك نەكەوتووین
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عەفرین، رەتیدەكاتەوە لەگەڵ حكومەتی سووریا رێككەوتبن، بۆ ئەوەی ھێزەكانی سەر بە رژێمی سووریا بێنە عەفرین.
بروسك حەسەكە، گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عەفرین بە كوردستان24 راگەیاند: "تا ئێستا لەگەڵ حكومەتی سووریا رێك نەكەوتووین، خەڵكی سڤیل لە حەلەبەوە بۆ بەرگری كردن لە عەفرین ھاتوون".
ئەمە لاكاتێكدایە ھەر ئەمڕۆ تەلەڤزۆنی فەرمی سووریا رایگەیاند: "لە چەند كاتژمێری داھاتوودا ھێزەكانی سووریا دەچنە ناو عەفرین".
تەلەڤزیۆنی سووریا راشیگەیاند: "ھێزەكانمان لەسەر داوای خەڵكی عەفرین و بۆ پشتیوانی لە بەرگری عەفرین دەچنە شارەكە"
پێشتر به‌دران چيا، راوێژكارى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين له (باكوورى سووريا) له لێدوانێكدا بە ئاژانسی ھەواڵی رۆيته‌رزی رايگه‌ياندبوو: "له ماوه‌ى دوو رۆژى داهاتوودا سوپاى سووريا له هه‌ندێك خاڵى سنوورى عه‌فرين بڵاوه‌يان پێده‌كرێت".
لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەتی دوای ھێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه) و حكومه‌تی سووریا، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە.
لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين، له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" و به بۆردوومانكردنی شاره‌كه له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه به فەرمی ده‌ستيپێكرد.
ئۆپەراسيۆنه‌كه وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته، به ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له چه‌كداره ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.