ھادی عەلی: یەكگرتوو بەشدار دەبێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان
K24 - ھەولێر
دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھادی عەلی، گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئەو ھەوڵانەمان كرد كە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دراون، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە پەرلەمان كارابكرێتەوە".
گوتیشی: "پێویستە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری بكەن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆ ئەوەی ھەموو پرسەكان لەوێ یەكلایی بكەینەوە".
ھادی عەلی راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی پارتی و یەكێتی، تا رادەیەكی باش گەیشتینە دید و روئیای ھاوبەش، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە پەرلەمان كارا بكرێتەوە و ھەنگاوی ئیجابی بھاوێژین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكە".