تره‌مپ پێشوازییه‌كه‌ی سعوودیه‌ی له بیر نه‌چووه
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، رایگه‌یاند، له سعوودیه پێشوازییه‌كی شاهانه‌ی لێكراوه و ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی له‌و پێشوازییه‌دا بۆ من كرا، هیچ كه‌سێكی دیكه نه‌یدیوه".
لێدوانه‌كه‌ی تره‌مپ، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی هات بۆ ڤاتیكان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پاپا فره‌نسیس، سه‌باره‌ت به پاپای ڤاتیكانیش، تره‌مپ رایگه‌یاند، پاپا كه‌سێكی مه‌زنه.
به گوێره‌ی میدیاكانیش، تره‌مپ زۆر باسی یه‌كه‌م سه‌ردانی خۆی ده‌كات بۆ ده‌ره‌وه وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و به‌تایبه‌تیش سعوودیه، كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و سه‌ردانانه‌ش، دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكایه، سه‌ره‌تاش له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌ستیپێكرد.
تره‌مپ له باره‌ی ئه‌وه‌ی له سعوودیه بینیویه‌تی، ده‌ڵێت: "زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو، باوه‌ڕناكه‌م پێشتر پێشوازی له‌مجۆره له‌كه‌س كرابێت".
تره‌مپ له رێوڕه‌سمی پێشوازیكردنیدا، له ریازی پایته‌ختی سعوودیه، له‌گه‌ڵ شا سه‌لمان، به‌شداری له هه‌ڵپه‌ڕكێی كولتووری عه‌ره‌بستان كرد كه شمشێر به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و جلوبه‌رگی كولتووری ده‌پۆشن.
تره‌مپ له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ سعوودیه، چه‌ندین دیاری گرانبه‌های له‌لایه‌ن شا سه‌لمان و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه پێشكه‌ش كرا و سه‌ردانه‌كه‌ش به مێژوویی داده‌نرێت و كۆی به‌های ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌و سه‌ردانه‌دا، له نێوان سعوودیه و ئه‌مه‌ریكا، ده‌گاته نزیكه‌ی 480 ملیار دۆلار.