پاشكه‌وت پێشمه‌رگه‌شی گرته‌وه‌

فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە خشتەی كەمكردنەوەكە ئاشكرا دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە رێژەی لە 18% تا 50% کەم دەکرێتەوە. کوردستان24 بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی کەمکردنەوەی مووچەکانیان دەکات پێشمەرگەکانیش دەڵێن، نا رێكییه‌ك لە سیستەمی کەمکردنەوە لە پلە باڵاکان کراوە.

غازی بابکەیی، بەرپرسی ئیدارەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە كوردستان24 راگەیاند: "كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە لە 18% دەست پێدەكات تا 50%، لە سیستمی پاشەكەوتی مووچە، كەمترین زیان بەر پێشمەرگەی ئاسایی كەوتووە كە 18% دەبێت".

روونیكردەوە: "بەپێی خشتەی سیستمی كەمكردنەوەكە سەربازی پلە یەك 23% و جێگری عەریف 26% و عەریف 30% و عەریف یەكەم 33%، ھەروەھا جێگری ئەفسەری پلە 8 تا دەگاتە پلەی موقەدەم 38% مووچەكانیان لێ دەبڕدرێت، لە پلە بەرزەكانی دیكەی وەك عەقید و عەمیدەكان 40% و لیوا 45% مووچەكانیان كەم دەبێتەوە".

شڤان ساڵح، یەكێكە لە پێشمەرگەكانی زێرەڤانی ئەو ھۆكاری كەمبوونەوەی مووچەكەیان بۆ لە دەستدانی كەركووك و كەمبوونەوەی داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "كاتێك كەركووكمان لەدەستدا، قەیرانێكی دیكە لە ھەرێمی كوردستان دروست بوو".

پێشمەرگەیەكی دیكە بەناوی سالم ئەسعەد، بە كوردستان24 گوت: "دواكەوتنی مووچە كاریگەری زۆری كردووەتە سەر ژیانمان، نزیكەی سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، ئەگەر ئێستا مووچەش وەربگرم لەسەری قەرزدار دەبمەوە".

کەمردنەوەی مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە دوای رووداوەکانی16 ئۆکتۆبەر هات، ئەوکات جگە لە داگیرکردنی کەرکووك، زیاتر لە نیوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوتنە دەست حکوومەتی عێراق، به‌مه‌ش قه‌یرانی دارایی حكوومه‌ت زیاتربوو، پێشمەرگەی زێرەڤانیش داوا دەکەن لەبەرامبەر کەمکردنەوەی مووچەکانیان سیستەمی دەوامکردنیان گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

داڕشتنەوە: ھ.م