دووەم دیداری ترەمپ و کیم بەڕێوەدەچێت
K24 – ههولێر:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە کۆتایی مانگی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
دوێنێ هەینی، کیم یۆنگ چول، بەرپرسی پێشووی هەواڵگیری کۆریای باکوور لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و بڕیاری دیدارێکی دیکەی لوتکەییان دا.
بەگوێرەی هەواڵیکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆشکی سپی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ کیم یونگ چول بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک باسی لە داماڵینی چەکی ئەتۆمیی کردووە".
لە بڵاوکراوەکەی کۆشکی سپی هاتووە: "قسە لەسەر دیداری دووەمی نێوان ترەمپ و کیم کراوە و لە کۆتایی مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت".
لە 12ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، بۆ یەکەمجار، سەرۆکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور کۆبوونەوە و باسیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان کرد، بەڵام تاکو ئێستا واشنتن سزا ئابوورییەکانی سەر پیۆیانگی هەڵنەگرتووە.
H.J