تەرمی هاووڵاتییەك لە قەڵادزێ دۆزرایەوە

ئۆتۆمبێلەكەشی سوتێندراوە

K24 - رانیە

لە قەڵادزێ تەرمی ھاووڵاتییەك دۆزرایەوە و شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە دیارە و ئۆتۆمبێلەكەشی سوتێندراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی هاووڵاتییەک بەناوی (س . ع . ئـ) لەدایکبووی ساڵی 1969، دانیشتووی گەڕەکی خانەقای قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە ھەیە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "بە وتەی کەسوکاریان لە دوێنێوە لە  ماڵەکەی چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان لە لایەن کەسوکاری ئاگادار دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوە دەست پێدەکات، پاش بەدەستهێنانی زانیاری ورد دەستبەجێ هێزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی راپەڕین تەرمەکەیان دۆزیەوە".

ئەوەخراوەتەڕوو: "پاش کوشتنی تاوانلێکراو ئۆتۆمبێلەکەیان بردووەتە نزیک گوندی (گردەسپیان) بە دووری نزیکە 15 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداو لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە سوتاوی دۆزراوەتەوە".

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند: "دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمی لێکۆڵینەوەی تاوانی پشدەر بە وردی پشکنینی بۆ تەرمی تاوانلێکراو و شوێنی رووداوەکە کردووە، لەئێستاشدا تەرمەکە لە پزیشکی دادوەری قەڵادزێیە. تاوانلێکراو باوکی 6 کوڕە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

ھ.م