دەربارەی: شوشتنەوەی یان سپیکردنەوەی پارە

Kurd24

زوو زوو لە شاشەکانی خۆمان کەسێک پیشاندەدرێ، لەوانەیە ئەو کەس ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بی، مامۆستایەکی زانکۆبی، ڕۆژنامەنووس یان سیاسەتمەدارێکی دیاربێ. هەموو ئەو کەسانەی سەرەوە، لەوکاتەی باس لە پارە و گەندەڵی دەکەن و دەستەواژەی: (شوشتنەوەی پارە) بەکاردێنن. هەموو ئەوجارانەی ڕێککەتووە من بینەری قسە و لێدوانەکان بوویم، هەر هەموویان بە هەڵە لە شوشتنەوە یان سپیکردنەوەی پارە گەیشتوون، چونکە بۆئەوەی پارەی رەش هەبی، دەبی یاسایەک هەبێت و پارەی ناشەرعی ڕەش و پیس بکا، لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنەکەی بکا، ئەگەر ئەو یاسایە نەبیت، دیارە هەموو پارەیەک سپییە.

پارەشوشتنەوە دەکاتە، سپیکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی بە ڕێگای نایاسایی بەدەست هێندراوە. بە ڕێگای نایاسایی دەکاتە، ئەوەی لەلایەک زەریبەی لێنەدرایە، لەلایەکیش کارێکی کردووە، یاسا ڕێگای پێنادا و قەدەغەیە وەك: دزیکردن، بەرتیل وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر، وەرگرتنی خاوە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و لەشفرۆشی، قاچاغچیێتی...هتد. پەیداکردن یان کۆکردنەوەی پارە بەو ڕێگایانەی سەرەوە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لەبەر ئەوەی نایاساییە و نامرۆڤانەیە، ڕێگای پێنەدراوە و خاوەنەکەی ناتوانی ئەو بڕە پارەیەی دەستی کەوتووە لەبانق هەڵیبگری، زەوی و زاری پێبکڕێ، باڵەخانەی پێدروستبکا، چونکە لەگەڵ حکومەت تووشی لێپێچینەوە دەبێت و لێی دەپرسن: ئەم پارەیەت لەکوێبوو؟

ئەو پارە ڕەشە، بۆئەوەی خاوەنەکەی بتوانی بە ئارەزووی خۆی بەکاری بێنی، زۆر جار لە ڕێگای هەندێك گواستنەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان سپی دەکرێتەوە و پارەی سپیش، دەکاتە پارەی یاسایی و خاوەنەکەی دەتوانی بێمنەت بەکاری بێنی. پارەی ڕەش هیچ پێویست ناکا خۆی لە ملیۆن دۆلار یان زیاتر بدا، بۆئەوەی خاوەنەکەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی ببیت، بەڵکو زۆرجار و بەتایبەتیش لە بانقەکانی ئەوروپی ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی دەتەوێ لەسەر ژمارەی کۆنتۆی خۆت یان کەسێكی دیکە دابنێیت و لە یەک هەزار یەوڕۆ زیاتربیت، دەبی لە نامەیەک بنووسیت، ئەو یەک هەزار یەورۆیەت چۆن وەدەست کەوتووە و زۆرجار تەنیا بە نووسینیش بڕوات پێناکەن و دەبی بەڵگەش پیشان بدەیت.

شوشتنەوەی پارە پێشتر زیاتر بە مافیا بەسترابۆوە، بەڵام بەمدواییانە لەگەڵ تێرۆریزمیش دەیبەستنەوە. شوشتنەوەی پارە کارێکی گرانە و خەرجی زۆری دەوێت، بۆئەوەی خاوەنی بتوانی بە ئارەزووی خۆی بەکاری بێنیت و کەس گومانی شێوەی بەدەستهێنانی خراپی لێێنەکا.

زۆرجار پارەی ڕەش لە کازینۆکان سپیدەکرێتەوە، کە سی خاوەن پارە بە پارەی ڕەش یاری دەکات و لەوکاتەی لە قومار دەباتەوە، پسولە وەردەگریت و رەنگی پارەی لە رەش بۆ سپی بۆدەگۆڕدرێ. لە راپۆرتێکی زانکۆی Paris-Sorbonne هاتووە، کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی کازینۆکان، زیاد لە 100 ملیارد یەورۆی ڕەش سپیکراوەتەوە.

سپیکردنەوەی پارە لەسەرەتا لە ئەمریکا و لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو دەستیپێکرد، دواتر لە ساڵی 1934ەوە بانقەکانی سویسری بە یاسا خاوەنی پارە و ژمارەی کۆنتۆی کەس ئاشکراناکەن.

شوشتنەوەی پارە لە زۆر وڵات حوکمی لەسەرە. بەگوێرەی یاسای دەرچوو لە ساڵی 2002 شوشتنەوە پارە لە 6 مانگ بۆ 7 ساڵ لە وڵاتی بەنگلادیش حوکمی لەسەرە. لە وڵاتی هیند لەنێوان ٣ ساڵ بۆ ٧ ساڵ حوکمی لەسەرە. لە وڵاتانی بازاڕی ئەوروپی لە ساڵی 2005ەوە هەموو پارەدانێک بە نەقد ئەگەر لە 15 هەزار یەورۆ زیاتربیت، دەبی ئاگادری دەزگا ئەمنییەکانی دەولەت بکرێتەوە. لە ئەمریکا، شوشتنەوەی پارە جەریمەیەکی فیدرالییە و جەزای زۆری لەسەرە.

هەندێکجار، ئەو کەسانەی پارەی ڕەشیان دەستدەکەوێ، دوکانێک بۆ سپیکردنەوەی پارە دەکەنەوە. ئەو ڕۆژانە پارە بەناوی دوکانەکەی لەبانق دادەنێت، گوایە ئەوە قاسەی دوکانەکەیەتی. هەر کاتێک بیەوەێ، بە ئازادی دەتوانی پارەی کۆکراوەی لەبانق وەک پارەی سپی بەکاربێنیت و هیچی دیکە ئەو پارەیە ڕەش نامینێت و سپێدەبێتەوە.

لەبەر ئەوەی ئەمجۆرە یاسایانە لە کوردستان نییە، یان ئەوەی هەن کاریان پێناکرێ، کە هاوڵاتی یان کۆمپانیای گەورە بۆبەردەم دادگا ڕابکێشێت و لێپێچینەوەی لەسەر دەستکەوتنی پارە لەسەر بکا، بۆیە هەموو پارەکان ئەگەر بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی ڕەشبن، لە هەرێمەکەی خۆمان سپین. هەر بازرگانێک، کەسێک یان کۆمپانیایەک، بە ئارەزووی خۆی دەتوانی گەورەترین مۆل بکاتەوە، دەیان باڵەخانی گەورە بکڕی یان دروست بکا، هەزاران خانوو بکڕی، کەس ناپرسی: ئەو هەموو پارەیەت لەکوێ هێناوە؟ هەر هاوڵاتیێکی کوردستان لە ڕێگای بانقەکانی کوردستان یان دوکانەکانی حەواڵە، چەند پارەی بوێ، لەسەر ژمارەی هەر کۆنتۆیەک بیەوێ، بۆیدادەنێن و کەسیش لێپێچینەوەی لەگەڵ ناکات، ئەو هەموو پارەیەت لەکوێ هێناوە؟ لەراستیدا، بازرگانێكی کورد، بە ئاسانی دەتوانی لە دەرەوەش باڵەخانەی گەورە بکڕی، سەدان ملیۆن دۆلار بخاتەگەر، بێئەوەی کەس لێیبپرسێ، ئەو هەموو پارەیەت لەکوێ هێنا، چونکە لە کوردستان پارەی ڕەش و سپی نییە... بۆیەش ئەوانەی لەکوردستان باس لە پارەی ڕەش و سپیکردنەوە دەکەن، جارێ تێینەگەیشتوون، لە وڵاتێک دەژین، پارەی ڕەشی تێدانییە، چونکە یاساکە جارێ نەنووسرایە یان هەیە و کاری پێناکرێ.