هەڵمەت و شەڕی ترامپ دژ بە ڕاگەیاندن

Kurd24

هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی وەک Donald Trump کێشەی لەگەڵ میدیا نەبووە و شەڕی ڕاگەیاندنی نەکردووە. تێنەگەیشتنی تڕامپ لە راگەیاندن، ڕێزنەگرتنی ئەو لە رۆژنامەنووس و دەزگا زەبەلاحەکانی راگەیاندنی ئەمریکی، ئەزمەکانی قوڵتر کردۆتەوە و بەرەیەکی فراوان و لەشکرێکی گەورەی لە میدیاکاران پێکهێناوە، چاودێری بچوکترین کار و هەڵسوکەوت و لێدوانی خۆی و ستافەکەی بکەن، کە جارێ هیچ دیارنییە ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، بەڵام ئاشکرایە، تا ئێستا کەسی کورسیدار لە سەنگەرگرتن دژ بە رۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکاران لە رۆژئاوا براوە نەبووە.

ئەو تێگەیشتنە نادروست و خراپەی ترامپ، لە رۆژەکانی زووی هەڵمەتی هەڵبژاردن وەدیارکەوت و لەراستیدا ئەو لە میدیاکان زیاتر وەک کەسێکی ناشیاو باس دەکرا، قسەکانی بەهەند وەرنەدەگیرا و کەمیشبوون ئەوانەی بڕوایان بە سەرکەوتنی ئەو هەبوو بەتایبەتیش، کە دەیانزانی ترامپ بە دوور و نزیک پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبووە.

ئەو هەڵمەتەی دژ بە تڕامپ لە میدیاکان دەستیپێکرد، ڕەنگدانەوەی قسە و تێڕوانینەکانی ترامپ بوو لەسەر هەندێک پرسی گرنگ وەک: مافی ژن، کێشەی پەناهەندە، ئیسلامۆفۆبی (ترس لە ئیسلام)، نزیکبوونی ئەو لە ڤلادیمیر پوتین...هتد، سەردێری ڕەش و قەڵەویان نەک تەنیا لە ئەمریکا بەڵکو لە هەموو جیهان دروست دەکرد.

دوو رۆژ پێش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، Kyle Pope سەرنووسەری Columbia Journalism Review لە نامەیەکی کراوە، رەخنەی توند لە ترامپ دەگری، کەچۆن خۆی و ستافەکەی لە میدیا دەڕوانن و بوختانیان پێهەڵدەبەستن. ترامپ بایکۆتی کۆمەڵێک ئاژانسی دەنگوباس و دەزگای راگەیاندنی کردووە و هەر ئەوانیش پرسیاری ڕۆژنامەنووسان هەڵدەبژێن. Kyle Pope دەنووسێ:

- ئێمە، نەک تۆ، بڕیاردەدەین چ باشە بۆ خوێنەران، بینەران، گوێگران... ئێمە، نەک تۆ، ڕێنماییەکان دادەنێن... ئێمە لەوانەیە... لەوانەیە ئێمە قسە لەگەل هەندێک لە ستافەکەت دەکەین لە 'off the record' (چۆنیێتی بەکارهێنانی سەرچاوە) ئەوەش هەر لەدەست ئێمەیە.

وتەبێژی کۆشکی سپی Sean Spicer لە بەڕێوەبردنی یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی، درۆیەکی گەورەی کرد لەوکاتەی گوتی: لە ئاهەنگی سەرۆک ترامپ خەلک زۆرتر لەوەی ئۆباما هاتبوون. رۆژنامەیNew York Times  زوو لە ڕێگای تویتەر دوو وێنەی لە تەنیشت یەکتر دانا، کە لە ئاسمان گیرابوون و تێیدا ئاهەنگی سوێندخواردنی سەرۆک ئۆبامای ساڵی 2009 و سەرۆک دۆنالد ترامپ ساڵی 2017ى پیشاندەدا بڵاوکردەوە. جیاوازییەکان لەبەر زۆری لە نووسین نایەن.

لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی دۆنالد ترامپ، پەیامنێری CNN لە کۆشكی سپی  Jim Acostaڕێگای پێنەدرا، پرسیای خۆی ئاڕاستەی سەرۆک بکا و ترامپ خۆی و کەنالەکەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری درۆ تاوانبار کرد. دژایەتیکردنی ترامپ بۆ کەنالی CNN لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی 35 لاپەڕەی نهێنی ئەفسەرێکی پێشتری هەواڵگری بەریتانیا دەستیپێکرد، کە تێیدا باسی لە پەیوەندی نێوان ترامپ و پوتین و روسیا کردووە.  CNN لە جەرگەی هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەم راپۆرتەی بڵاوکردەوە. جگە لە کەنالی تەلەفزیۆنی CNN دۆنالد ترامپ بایکۆتی گەورەترین رۆژنامەی ئەمریکی Washington Postیشی کرد، گوایە نووسینەکانیان چەواشەکارین و زانیاری درۆ و هەڵە بڵاودەکەنەوە.

دۆنالد ترامپ لە لێدوانێکی گوتی: میدیاکانی رۆژئاوا، لە کردەوە ئیرهابییەکانی لەلایەن جیهادیستە ڕادیکالەکان ئەنجام دەدرێن، وەک گەورەیی خۆی بایەخی پێنادەن و پشتگوێی دەخەن. لەو لیستەی، سەرۆک ترامپ باسی دەکرد و گوایە لە میدیا بایەخی پێنادرێ ناوی 78 کردەوەی ئیرهابی تێدابوو. لێرەش ترامپیان زوو بەدرۆ خستەوە.

لە کردەوە ئیرهابییەکەی پاریس لەنێوان 13 – 15ی نۆڤێمبەری 2015  تەنیا لە راگەیاندنی سویدی 1650 جار باسکراوە و لە میدیاکانی ئینگلیزیش 6497 جار باسکراوە.     

لە کردەوە ئیرهابییەکەی Nice لە نێوان 14 – 16ی تەموز تەنیا لە میدیای سویدی 1256 جار باسکراوە و لە میدیای ئینگلیزیش 9061 جار ناوی هاتووە.

لە کردەوە ئیراهبییەکەی بەرلین بە لۆری لە نێوان 19 – 21 دێسێمبەری 2016 لە میدیاکانی ئینگلیزی 7703 جار باسی کراوە. نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەو ژمارانەی سەرەوە بەئاسانی ترامپ بەدرۆ دەخەنەوە.

سەرۆک ترامپ دەمێکە شەڕێکی گەورەی دژ بە هەندێک دەزگای راگەیاندن دەستپێکردووە و رقی زۆری لە ڕاگەیاندن و رۆژنامەنووسان دەبێتەوە، لەهەمان کات ئەو باش دەزانی چۆن میدیا بەڕێوە ببا و لەخەت لایانبدا، هەربۆنموونە: لەوکاتەی گوتی میدیای ڕۆژئاوا بایەخی زۆر بە کردەوە ئیرهابییەکان نادا، ڕۆژنامەنووسان ناچاربوون بەرگری لەخۆیان بکەن، تڕامپ  زۆربەی راکانی خۆی لە تویتەر بڵاودەکاتەوە، کە ئەوەش دڵەڕاوکێی زۆری بۆ میدیاکاران و سیاسەتمەدارانی چالاک دروست کردووە. ئەو بەئاشکرا رقی لە میدیای کلاسیک (رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیۆن) دەبێتەوە و شەر دژیان دەکا.

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی 16ى شوباتی 2016 تڕامپ گوتی:

- من 306 کورسیم هێنا و ئەوەیان زۆرترین ژمارەیە لە دوای هەڵبژاردنی  Ronald Reagan لە ساڵی 1984 سەرۆکێکی ئەمریکی بەدەستی هێنابی.

لەراستیدا Trump تەنیا 304 کورسی نەک وەک خۆی گوتی 306 کورسی هێناوە. لێرە رۆژنامەنووسێكی NBC خۆی بۆنەگیرا و بەدەنگی بەرز گوتی: Barack Obama جارێکیان 332 جارەکەی دیکەش 365 کورسی هێنا،George Bush ی باوک 426 کورسی هێنا، هەروەها Bill Clinton لە هەڵبژاردنی 1992 و 1996 کورسی لەتۆ زیاتر هێنا... بۆچی ئەمریکییەکان دەبی بڕوا بەتۆ بکەن، لەوکاتەی تۆ دەڵێی ئەو زانیارییەی بەوان دەدرێ درۆن، دەبینی ئێستات خۆت زانیاری درۆمان پێدەدەیت... رۆژنامەنووسی NBC بە سەرۆک ترامپی گوت...

- ئاخر هەر ئەو زانیارییەیان بەمن داوە... بەسەرسوڕمانەوە ترامپ گوتی.

- هێڕشکردنە سەر میدیا بەشێکە لە پلان و ستراتیژی دۆنلاد ترامپ، بۆئەوەی فۆکوس لەسەر خۆی کەمبێتەوە و میدیای کلاسیک پشتگوێ بخرێ. ئەوەی سەرەوە Jesper Strömbäck پرۆفێسۆر لە رۆژنامەگەری و پەیوەندی سیاسی زانکۆی یەتەبۆری، لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی میترۆی سویدی لە ٨ی شوبات گوتی.