عیراق، ئێران و تورکیا چییان دەوێت؟

Kurd24

عیراق چی دەوێت؟

لە دامەزراندنی عیراقەوە هەتا ئەمڕۆ سەرجەم حکومەتەکانی ئەم وڵاتە ناوە ناوە بۆ چەند ساڵێک بێدەنگ بوون، پاشانیش هەر کاتێک هێزیان پەیداکردۆتەوە ئاگر و ئاسنیان بەسەر کورددا باراندووە.

لە پاش وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئێران لە هاوینی 1988 سەدام حوسێنی دکتاتۆری عیراق تووشی لە خۆباییبوونێکی بێ وێنە بوو، دەستبەجێ هەموو لەشکرەکەی بۆ وێرانکردنی کوردستان نارد، لە هاوینی 1990 یش کویتی داگیرکرد, کە دواتریش بوو بە هۆی نەهامەتیەکی زۆر بۆ سەرجەم عیراقییەکان و لە ناوچوونی سەدام و دەستەڵاتەکەی. دیارە عەرەبی عیراق پەند لە مێژوو وەرناگرن و هەرگیز نایانەویێت فێربن، بۆیە هەمان ڕێکاری سەربازی و فەرهەنگی فەرهوود بۆ سڕینەوەی کورد پیادە دەکەن.

لەبەر ئەوەی کورد گەلێکی خۆشباوەڕ و بێ پشت و پەنايه، دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن لە 2003 بە ئومێدێکی زۆر گەوەرەوە جارێکێ تر چوونەوە بەغدا، لەبەر ئەوەی لەو باوەڕە نەبوون کە جارێکی تر حکومەتێکی تایفی دیکتاتۆری لەم وڵاتەدا درووستبێتەوە، بەڵام دیسان هەڵەبوون.

عیراقی ئێرانی، دەیەوەت تاقيکرنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ کۆنترۆلکردنی گشت جومگەکانی وڵات لە ڕێگەی تاقمێکی تایفی تیرۆرستی وەک حەشدی شەعبی لە کوردستان و عیڕاقدا دووبارە بکاتەوە، (حیزبوڵڵا سەرەتا کامیرای چاودێری لە فڕۆکەخانەی بەیروت دانا، لە پاشان لە هەموو شوێنێکی گرنگ, بۆئەوەی ئاگاداری هەموو ووردەکارییەکان و جموجۆڵی هەموو تاكێک بن لە وڵات).

حکومەتی دەمارگیری ڕەگەزپەرستی شیعی عیراق دەیەوێت سەرجەم جۆمگەکانی ئیدارەی هەرێم بگرێتە دەست، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر کەرکوک و کەرکوکیەکانیان هێناوە بەسەر هەموو شار و شارۆچکە و گوندێکی کوردستان بێنن ئینجا تەعریبێکی(یان باشتر وایە بڵێن بە ئێرانیکردن) سپی سەرانسەری دەستپێبکەن.

لە پاش لەناوبردنی داعش لە عیراق کە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی لەگەڵ پێشمەرگە پشکی شێریان بەرکەوت, لەم شەڕە بردنەوە بەبێ ئەوان ئەستەم بوو، و پاش بەهێزبوونی دەستەڵاتی ئێران لە عیراق و درووستبوونی حەشدی شەعبی و لە خۆباییبوونی شیعە بە گشتی و حەشد و سەرۆک وەزیران عبادی، وا خەریکە هەمان سیناریۆی داگیرکردنی کوێت دووبارە دەبێتەوە.

ئێران چی دەوێت؟

لە ڕاپەڕینەوە هەتا ئەمڕۆ سوپای پاسداران و حکومەتی ئێران هەموو ڕێگایەکیان تاقیکردەوە بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، چونکە ئەوان دەزانن بەبێ بارزانی پلانە فرانخوازەکانیان زۆر سەخت دەبێت، ئەم هەوڵانە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامن، “ئەگەر مەسعود بارزانی ئێستیاش ڕازیبێت بچێتە ژێرباری ئێران، ئەوا ڕابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دڵنیاییەوە سەری نەسروڵڵا، سولەیمانی، عەبادی و مالیکی دەخاتە ژێر پێیەکانی”.

ئێران دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێم زیادبکات, بە جۆرێک شوێنی تورکیا بگرێتەوە، بۆ ئەوەی بە قازانجی ئەم بازرگانییە (بە قاچاغیشەوە) خەرجی فەیلەقی قودس دەربێنێت (پێموایە ئەم ئامانجەیان دەمێکە پێکاوە). لە هەمان کاتیشدا دەیانەوێت حیزبە کوردستانییە ڕۆژهەڵاتییەکان بە سڕکراوی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە خەڵکیان داببڕێنن و بۆ ئەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتیش بێ ئومێدبن.

پاش بێ ئومێدبوونی ڕابەری گشتی لە ڕازیکردنی بارزانی بۆ ئەوەی بچێتە ژێرڕکێفی کۆماری ئیسلامی، لە ڕێگەی قاسمی سولەیمانییەوە پلانی B ئامادەکرا, کە بریتییە لە لەتکردنی هەرێمی کوردستان، بۆیە پەنای بۆ ماڵی تاڵەبانی هێنا، بڕیاری تەسلیمکردنی زۆنی سەوز بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە بەلانی کەم لە هاوینی 2016 دراوە{ هیچ پەیوەندیەکی بە ئەنجامدانی ڕیفیراندۆم 25/9/2017 نییە}، ئەمەش بەرامبەر بە پابەندبوونی بێهاوتای ئێران بۆ سەپاندن و بەهێزکردنی پێگەی ئەم بنەماڵەیە و لاوزکردنی پێگەی بارزانی وەک حاکمی ڕەهای زۆنی سەوز مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

تورکیا چی دەوێت؟

تورکیا هەر لە ڕاپەڕینەوە هەتا ئەمڕۆ لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەندترین لایەن بووە لە کوردستان, بە جۆرێک هەردوو بازاڕی کوردستان و عیراقی کۆنترۆڵکردووە. لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی هەواڵگری و سەربازی زۆر ئازادە لە ئەنجامدانی هەر کارێک لە هەر کات و شوێنێک، هەتا پرسی ڕیفیراندۆم نەهاتە ئاراوه، تورکیا لەگەڵ هەرێم گرفتی نەبوو.

بەر لەئەنجامدانی ڕیفیراندۆم  تورکیا دەیویست کارەکان بەم جۆرە بەردەوام بن، بەڵام دوای ڕیفیراندۆم لەگەڵ ئیران و عیراق ڕێککەوت بۆ بچوککردنەوەی هەرێم.

ئێستا پاش ئەوەی زۆنی سەوز لەگەڵ کەرکوک بەتەواوەتی لەژێر دەستی فەیلقی قودس دایە وەک هەرێمێکی ئێرانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، تورکیا دەیەوێت هەولێر و دهۆک بە ناچاری بچنەوە باوەشی خۆی. 

تورکیا و ئێران چییان دەوێت؟

کاریگەری دەروونی و مەعنەوەی هەریمی کوردستان لەسەر کوردی پارچەکانی تری کوردستان یەکجار زۆرە, بە تایبەت لە پاش ئەنجامدانی ڕیفیراندۆم، چونکە هەستی نەتەوایەتی  گەیشەتە بەرزترین ئاست، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ ئێران بە پلەی یەکەم، ئەوجا تورکیا، هەر بۆیە ئەم دوو وڵاتە بە کردار یارماتی عیراق دەدەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەهێڵێت و لەتى بكه‌ن و بیکەنەوە بە چەند پارێزگایەکی سەر بە ناوەند، ئەگەر ئەویان بۆ نەچووەسەر, ئەوا پلانی B  بریتییە لەوەی دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا بەو قەیرانە داراییەی بهێڵنەوە, بۆ ئەوەی ناڕەزایی ناوەخۆ زۆر بێت بۆ بەهێزکردنی بەرەی خیانەت و خاکفرۆشان، لە کۆتاییشدا ئێران زۆنی سەوز بە یەکجارەکی  دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بەشە نەوت و غازی کەرکۆکیش دەدات بە تورکیا، زۆنی زەردیش به‌ ناچاری دەچێتەوە باوەشی تورکیا.

کورد چی بکات؟

داگیرکردنی کەرکوک و ناوچەکانی تر لە 16/10/2017 کارەساتێکی زۆر گەورەبوو کە بەسەر کورددا هات، ئێستا گەلی کوردستان و پارتە سیاسییەکان لەبەردەم تاقیکردنەوەییەکی مێژوویی زۆر گراندان.

هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت کورد یەک دەنگ بێت، بەڵام چۆن؟

بزوتنەوەی گۆران وەک حیزبی دووهەم لە کورستان و یەکەم لە زۆنی سەوز لەژیر بەرپرسیارییەتیەکی زۆر مەزن دایە، پێویستە ئەوان بۆشاییەکە پربکەنەوە و کورد لەم گێژاوە ڕزگاربکەن.

لەم قۆناغە هەستیارەدا چۆن دەکرێت ئەوانەی کەرکوک و ئایندەی کوردستانیان فرۆشت لەگەل ئەوانەی شەو و ڕۆژ کاریان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرد لە یەک بەرەدابن؟ کاتێک دەزانێت هەرچی شتێک بگوترێت دەستەبەجی دەگاتەوە سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس؟ من بەشبەحاڵی خۆم ئەم کارە بە ئاسان نابینم.

حکومەت دەبێت بەردەوام بێت و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان پشتیوانی لێبکەن، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بەرەی نێشتیمانی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت کە هەموو ئەوانە له‌خۆبگرێت کە مۆڵەتی یاساییان هەیە. هەروەها دەبێت بە زووترین کات کار بۆ بەستنی کۆنگرەی نیشتمانی باشووری کوردستان بكرێت بۆ زامنکردنی یەکدەنگی کورد و پوچەڵکردنەوەی پیلانی داگیرکەران و ڕێگەگرتن لە خیانەتکاری زیاتر.