دەربارەی: تیکەڵکردنی ئەرك و قەرز وەرگرتنەوە

Kurd24

لە کاروانی خەباتی دوورودرێژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، سەدان هەزار کەس ڕاستەوخۆ تێیدا بەشداربوون. ئەوان لەو خەباتە جوانە بەشداربوون، چونکە دەنگێکی نەرم و ناسک و نادیار لەناوەوە پێدەگوتن: دەبی ئەم کارە بکەی، دەبى بچیتە ریزی فڵانە حزبی سیاسی کوردی، دەبی ڕەفتارت بەوشێوەیەبیت، دەبی خەبات بەوجۆرە بکەیت... ئەو دەنگە نەرمە، ئەوەندە هەق و ڕاستبوو، هیچ کەسێکی کوردپەروەر و شۆڕشگێر بەرگەی رەفزکردنەوەی نەدەگرت، چونکە هەرلەوێندەر و لەوکات، وشەکان دەبوون بە گوڵ، گوڵەکان بانگی پەپولەکانیان دەکر و پەپولەکانیش ئاسمانی ئازادییان بەجۆرێک دەنەخشاند و گوڵاوی و جوان و پیرۆز دەکرد، گەنجانی کورد بێ سڵکردنەوە، بێترس و شێوان، کۆمەڵ بە کۆمەڵ ئامادەبوون بەرەو ئازادی، بەرەو مەرگ، بەرەو مەرگی سەربەرزی بڕۆن.

خەباتکردن لە کوردستان کارێكی ئارەزوومەندانەبوو، بۆیە کەس ناچارنەدەکرا، بێتە ناو گۆڕەپانی خەبات و بۆماوەیەک لێی بەردەوام بیت. هەموو کەسە جوان و دڵسۆزەکانی کوردستان لەبەرەی گەلدابوون و خەباتیان کرد، چونکە دەبوایە خەبات بکەن، چونکە رقیان لە ژێردەستی دەبۆوە، چونکە ژیانی ژێردەستەیان بۆقبوڵ نەدەکرا و داوای ئازادییان بۆخۆیان و خزموکەس و هەموو کورد و کوردستان دەکرد.

خەبات کات و شوێن و ناوچە و هەرێمی دیار نەبوو و هیچ مەرجیش لەسەر کەسی خەباتگێر دانەدەندرا. لەڕاستیدا نەشدەزاندرا کەسی خەباتگێر بۆماوەیەکی کورت بەرگەی ئەو ژیانە جوان و لوتکەی بەرزی شەڕەفمەندی و ناخۆش و گرانە دەگری یان زیاتر، نەدەزاندرا ئایا کەسەکە تا کۆتایی لەسەری بەردەوام دەبی یان لە نیوەی جێیدەهێڵی، هیچ لەو خەباتە بێگەردە دیارنەبوو. دیارنەبوو، چونکە هەرهەمووی لە ژیانێكی خەیاڵاوی یان فیلمێکی سینەمایی دەکرد و ئەگەر کەسێك کورد نەبا و لە کوردستان نەژیابا، ئێش و ئازاری چەوسانەوە و ژێردەستی نەبینیبا، گرتن و لەناوبردن و تەرحیل و تەعریبی میللەتی کوردی نەبینیبا، قەت لەو خەبات و تێکۆشانەی لەشکرێک لە کەسانی جوان  و پاک و فریشتە نەدەگەیشت. تێینەدەگەیشت، ئەگەر ئەوکەس خۆی کوردپەروەر نەبا.

کەسێك دەرگای خەباتی دەکردەوە یان بۆدەکرایەوە، داخستنی دیار نەبوو، چونکە رۆژی سەرکەوتن و ئەودیوی تونێلە زێڕینەکە دیارنەبوو، ڕۆژی ئازادی و ڕزگاربوون لە ژێردەستی دیارنەبوو، بەڵام هیچ نهێنی نەبوو و دەزاندرا، ڕۆژ دوای رۆژ کورد هەنگاوێك لە سەرکەوتن نزیکبۆتەوە و ئەویش جوانترین خشتی بۆ دیواری دەوڵەتێکی سەنگین و حکومەتێکی دیموکڕات و گەلێکی ئاشتیخواز داناوە.

زۆر کەس خەباتیان کرد، چونکە دەبوایە خەبات بکەن، چونکە بڕیاریاندابوو لەبەرەی گەل بژین، بۆیە رێگای خەباتیش هەرخۆیان هەڵیان دەبژارد و بە ئازادی و ڕەزامەندی تەواوی خۆیان بوو.

ئێستا دەبینین کەسێک لەو وڵاتە جوانەی ئێمە، لەو بەهەشتە پانوبەرینەی هەژاران، هەموو تەمەنی گەنجی خۆی لە خەبات و تێکۆشان بەسەربرد بێئەوەی هیچ بیری لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردبێتەوە، یان بیری بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی چووبێ، یان بیری لە داهاتوو و وەرگرتنی کورسی و پلەپایە کردبێتەوە... وەک لەسەرەوە نووسیمان، ئەو خەباتی کرد، چونکە دەیویست لەگەڵ کاروانی سەربەرزاندابی، لەگەڵ کۆرسی داری ئازادیدا بی، ئەو خەباتی بە واجبێکی پیرۆز و سەرشانی خۆی دانابوو.

بە ئازادبوونی کوردستان و لە یادی ڕاپەڕین، ئەو پێشمەرگەیە لەجیاتی ئەوەی هەست بە خۆشیێکی مەزن بکا، کە دەستی لە ئازادکردنی کوردستان هەبوو، دەبینین ئێستا غەم دەخوات و هەست دەکات غەدری لێکراوە، هەست دەکات خەباتی ئەو بەخۆڕایی ڕۆيشتووە، لەکاتێکدا هیچ وانییە. ئەو خەباتی کرد، چونکە لەوکات خۆی لە خەڵکی دیکە باشتر دەهاتە بەرچاو، تێکۆشەرتر دەهاتە بەرچاو، پیاوتر دەهاتە بەرچاو، ئەوەی بەو، لەو کاروانە جوانە دەکرا بە خەڵکی دیکە نەدەکرا، هەربۆیەش ئەو جیاوازبوو...

به‌شێك لەو تێکۆشەرە مەزنانە زۆر بەداخەوە، ئێستا لە ژیانی ڕابردوویان پەشیمانن و لەجیاتی شانازی بە رۆژانی سەخت و گەنجی و جوانی خۆیان بکەن، خۆیان لەگەڵ کەسانی ساختەچی و ماستاوچی و بەراورد دەکەن یان خۆیان دەهێننە ڕیزی ئەوان، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان لەلایەن بەرپرسانی خراپ لەبیرکراون و کورسی و پلەوپایەیان پێنەدراوە. ئەوان نازانن، کە ئەوان بەجۆرێك ژیان و پەروەردەکران، ژیانی سەرشۆڕی و خۆڕەپێشکردنیان لە سەردەمی ڕژێمی بۆگەن بۆ قەبوڵ نەکرا، ئێستاش بۆیان قەبوڵ ناکرێ، چونکە ئەوان مەردن و کەسی مەردیش ناتوانی خزمەتی کەسێکی نامەرد بکا، با ئەوکەس بەرپرسێکی گەورەش بووبی یان رۆژێک لە رۆژان تێکۆشەرێکی جوانیش بووبێ.

لەمڕۆوە زیاتر نابی کەس لەو تێکۆشرانە، لەو پیشمەرگە دێرینانە دڵێ بەخۆی بسوتێ، هەست بکا غەدری لێکراوە، کورد بە قەرزاری خۆی دابنێ، ئەگەر بیەوێ میللەت خەباتەکەی ئەو لەسەرچاوان دابنێ و  تا دونیا ماوە لەدڵان شوێنی بکاتەوە.