دەربارەی: ماف و خەباتی ژنی کورد

Kurd24

لە مانگی ئازار کۆمەڵێک جەژن و یادی مەزن هەن، بە گەرمی پێشوازییان لێدەکرێت و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بایەخی زۆریان پیدەدرێت. 8ی ئازار یەک لەو رۆژە مەزنانەی ساڵە، زیاد لە کات و رۆژانی دیکە، ڕێگا بە ئافرەتی کورد دەدرێ، بە ئاشکرا ئەم یادە بکاتەوە و باس لە ئازادی و ماف و خەباتی خۆی بکا.

ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە دەبینین، لە هەندێک کتێب و سەرچاوە، ئافرەتی کورد، بە ئازادتر لە ئافرەتی وڵاتانی دراوسێ باسی لێوەدەکرێ، بەڵام ئەو تێڕوانینە ئەگەر بەچاوی ئێستا سەیری بکەین، لەوانەیە باوەڕی پێنەکرێت، چونکە نەبووە، ئافرەتی وڵاتی داگیرکراو، مافخوارو، چەوساوە لە ئافرەتی وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ ئازادتربیت، بەتایبەتیش ئەگەر لە وڵاتێک بژین، پیاو ئازاد نەبی، چونکە کوردە، وڵاتەکەی وێرانبکرێ و بسووتێندرێ، چونکە کوردی لێدەژیت، خوێنی منداڵ و گەنجانی حەڵال بکرێ، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتانەی سەرەوە، بۆ نووسەر و رۆژنامەنووسان زۆر گرانە باس لە ماف و خەباتی ئافرەت بکەن، کە تا ئێستا ژنانی وڵاتە هەرە دیموکرات و پێشکەوتووەکانی جیهان وەک: ئەمریکا و سوید و یابان و فەرەنسا...هتد، لە خەبات بۆ یەکسانی و گەیشتن بە دوا وێستگەی ئازادی و بەختەوەری نەوەستاون و بەردەوامن.

لەو کاتەی ئێمە بەو مێژووە و هەقیقەتانەی سەرەوە ئاشنا دەبین، تێدەگەین، بەکارهێنانی وشەی چەوساوە بۆ ژنی کورد لاوازە و بەهێزنییە، چونکە ئەو لە وڵاتێک لە دایکبووە و دەژی، نەک تەنیا مافی دایکی، کچی، خوشکی...هتد دەخورێ، بەڵکو باوک و کوڕ و براشی دەخورێ، زیاد لە هەزار ساڵە دەچەوسێنەوە و وەک هاووڵاتی پلە دوو یان هێشتا کەمتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ و بە چاوی دوژمن سەیریان دەکرێ. ژنی کورد لە وڵاتێک دەژی، چیاکانی دەسووتێنن، گوندەکانی دەڕوخێنن، ماڵ و مەدرەسە و مزگەوتەکانی لەبەر چاوی خۆی وێران دەکەن، ئینجا مافی پڕۆتێستۆیەکی نەرمی نییە، زۆرجار، مافی گریان و لاواندنەوەشی پێنادرێ. ژنی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردە، وەک کۆیلە و کاڵا لە سوقەکانی عەرەبی بە ئاشکرا و لەبەردەم چاوی کامیراکان تا دوێنێ کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرا.

نەک ژنی کورد، هەر ژنێک لەو ژینگە نەخۆش و ئاڵۆزە لەدایکبێت و گەورەبکرێ، لەلایەن کەسانێک، کە خۆیان وەک هاووڵاتی پلە دوو سەیربکرێن، زۆر گرانە باس لە ئازادی بکرێ، باس لە خەبات بۆ یەکسانی بکرێ بۆیەش، ئەو خەونەی ئەوان باسی دەکەن، جارێ نەبیندرایە، ئەو خەباتەی ئەوان باسی دەکەن، جارێ دەستی پێنەکرایە، ئەو ئامانجەی ئەوان بۆی تێدەکۆشن، جارێ بەرنامەی بۆدانەندرایە، با هەر ژنانی کورد لە کوردستان خاوەنی سەدان ڕێکخراوی گەورەی ژنانەبین، چونکە لەوێندەریش تەنیا ئەو ژنانە سەرپەرشتی ئەم بزووتنەوە هەقە دەکەن، کە تەواو حزبین و بەرژەوەندی حزبیان لە خەباتی ژنان لا گرنگترە، جگە لەوە، خۆیان لەماڵی خۆیان خاوەنی ئەو مافەنین، کە شایستەن، خاوەنی ئەو بڕیار و ڕایانەنین، کە خەونی پێوەدەبینن.

قسەی گەورە لەسەر مافی ئافرەتی کورد زۆر دەکرێ، بەڵام ئەو قسانەش ڕستەی بریقەدار و ناوەڕۆک پەنچەرن، بۆیە هیچ پێشکەوتنێک لەم خەباتە بەدی ناکرێ، نەک هەر ئەوە، بەڵکو کیسەڵانەش بۆ پێشەوە ناڕوا. ژنی کورد لە کۆمەڵگایەک دەژی، هەزار و یەک دەرگای لێداخرایە، قسە و نووسینەکانی بە هەند وەرناگیرێ، دەستەڵات یارمەتییان نادات و نایانهێنێتە پێشەوە و یاسای پێویستییان بۆ نانووسرێ و لە هەمووشی گرنگتر، دیارە پیاوی کورد جارێ ئامادە نییە، پشتیوانی تەواو لە مافی ئافرەت بکات و لە ئازادی ژن دەترسێ، وەک ئەوەی ژن ئەگەر ئازادبوو، ئەو خۆی وەک پیاو سووک دەبێ. لەم خەباتە، نەک هەر پیاو ئامادەنییە بێتە سەرخەت و یارمەتی ژنی کورد بدا، بەڵکو ژنی کورد خۆشی جارێ بۆ ئەو خەباتە بێکۆتاییە نەگەییە و ئامادە نییە، خۆی لە ژێردەستی ڕزگار بکا، نەک لەبەر ئەوەی خۆیان نایانەوێ یان بە ڕەوای نازانن یان تەمبەڵ و تەوەزەلن و تاقەتی خەباتییان نییە و هیچ لە خەبات تێناگەن، بەڵکو لە ژینگە و ناوچەیەک لەدایکبووین، زیاد لە هەزار ساڵە ژن بەناوی دین و دابونەریت دەچەوسێتەوە.