بزوتنەوەی گۆران و یاری مارو پەیژە

Kurd24

خوێندنەوەیەک بۆ بەلاغی کۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی

دوو ساڵە بزوتنەوەی گۆران داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات بە بێ مەرج, دوای ئەوەی ئەم داخوازیەی گۆران بێ کەم و زیاد جێبەجێکرا, ئینجا وەک یاری مارو پەیژە هاتەوە خواری خوارەوەو هەر رۆژەی بەیانێک و هەڵوێستێکی دژبەیەک رادەگەیەنن, گوتاری گۆران 360 پلە هەڵگەراوەتەوەو ئێستا دەڵێن دەبێ لە سەر هەموو جیاوازیەکان رێک بکەوین ئینجا پەرلەمان کارا دەکەینەوە, لە کاتێکدا پێشوو تر گووتاری فەرمی گۆان بریتی بوو لە کارابوونەوەی پەرلەمان ئینجا گفتوگۆو دانووستان. ئەو گۆڕانەی تا دوێنێ دەیگوت دەبێ هەموو پرسەکان بچنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و لەوێ بڕیاریان لە سەر بدرێت, ئێستا دەڵێن دەبێ لە سەر هەموو شتێک رێکبکەوین ئینجا دەچینەوە پەرلەمان, لە کاتێک دەزانن پەرلەمان تەنها دوو مانگی تەمەنی ماوە. لە دواین بەلاغی کۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و کۆمەڵ لە رۆژی 4/9/2017, کە زیاتر لە بەیاننامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەچێت تەنها صیاغەکەی گۆڕاوە, دەمانەوێت ئەم سەرنج و تێبینیانەی خوارەوە بخەینە روو:

-باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی دەکەن: ئەم دەستەواژەیە پێشوو تریش لە بەیاننامەی جڤاتی نیشتمانی گۆران هاتبوو, بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە بۆچی ئەم بابەتە ئاراستەی پارتی دەکرێت, لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە هەمان کات سەرۆکی پارتیشە لە کاتی خۆی بە مەرسومێک 1/11 ی وەک وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی دیاری کردوەو کۆمسیۆنیش وەڵامی داوەتەوەو ئامادەکاریەکان دەستیان پێکردوە. ئەم بابەتە لە کاتێک بەهاو ئەرزشی دەبوو کە وادەکەی دیاری نەکرابوایە, بەڵام پێش ئەوەی ئەوان بە یەک ووشەش باسی ئەم پرسە بکەن سەرۆکی هەرێم بابەتەکەی یەکلایی کردۆتەوە.

- لە بەشێکی دیکەی بەڵاغەکەیان هاتووە: (ریفراندۆم دوابخرێت بۆ کاتێکی گونجاو لە رێگای پەرلەمانەوە بڕیارو یاسای بۆ دەربکرێت).:

- بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە رۆژی 7/6/2017 لە کۆبوونەوەی سەرجەم حزبە سیاسیەکان درا جگە لە گۆران و کۆمەڵ, ئەو حزبانەی لەم کۆبوونەوەیە بەشدار بوون نوێنەرایەتی 81 کورسی پەرلەمان دەکەن, لە لایەکی دیکە سەرۆکی هەرێم بە مەرسومێێک رۆژی 25/9ی وەک رۆژی ریفراندۆم دیاری کردو کۆمسیۆنیش کە نوێنەری هەر پێنج حزبەکەی تێدایە بە زۆرینە پەسەند کرد لە کاتێک پارتی لە کۆی ٩ کۆمسیار تەنها سێ ئەندامی هەیە.

- هەر پەیوەست بە ریفراندۆم سەرۆکی پەرلەمان نامەیەکی بۆ کۆمسیۆن نووسیوەو داوا دەکات ریفراندۆم و هەڵبژاردنەکانیش لە پێش مانگی یازدە ئەنجام بدرێن, دیسان کۆمسیۆن وەڵامی نامەکەی سەرۆکی پەرلەمانیشی داوەتەوە. مەگەر سەرۆکی پەرلەمان گۆڕان نیە؟,ئەگەر کات گونجاو نەبوو بۆ داوای راپرسی کرد.

- رۆژی 3/7/2014 جەنابی سەرۆکی هەرێم هاتە پەرلەمان و داوای کرد پەلە بکەین لە دەرکردنی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژارن و راپرسی بۆ ئەوەی لە زووترین کات راپرسی ئەنجام بدەین, بۆیەشە پەرلەمان لە 20/7/2014 یاساکەی پەسەند کردو سەرجەم لایەنەکان بەشدار بوون لە دەرکردنی ئەم یاسایەو گۆڕانیش ئەو کات پێی وابوو کات گونجاوە, بۆچی دەبێ 2014 کات گونجاو بووبێت کە تازە بودجە برابوو, کەس نەوتی کوردستانی نەدەکری و لە ئاوەکانی نیۆرک باخیرەکەمان دەسورایەوەو نەیان دەهێشت لەنگەر بگرێت, تازە دەستپێکی شەری داعش بوو...هتد. بەڵام ئێستا بە سەر داعش سەرکەوتووین و خەریکە لە کۆتایی قەیرانی دارایی نزیک دەبینەوەو پێگەی هەرێم و پێشمەرگە زۆر لەو کات بەهێزترەو نەوتی کوردستان کریاری زۆرەو سەد بەقەد ئەو کات ئێستا زیاتر لە عێراق بێ ئومێد بوون هەیەو....هتد. سەرەرای هەموو ئەمانەش دەبێ لە گۆران بپرسین پێی وایە کەی کات گونجاوە؟ ئایا ئەو میللەتانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیان کردوە هیچ کامیان بە دوای کاتی گونجاوی نموونەیی دا گەڕاون؟, لە لە ساڵی 1860 یەکەم راپرسی سەربەخۆیی کراوە تا ئێستا کە 60 راپرسی تێپەراندوە, کامەیان گوتیان دەبێ دەوڵەتانی دەورووبەر چەپکە گوڵی پیرۆزبایی پێش وەقتەمان بۆ بنێرن؟, کامەیان رێگا بۆیان تەخت کرابوو؟. ئێوە لە لایەک دەڵێن ئەم راپرسیە بە پشتیوانی تورکیایە لە لایەکی دیکەش دەڵین سنورەکان دادەخرێن, خۆتان پێمان بڵێن کامەتان باوەر پێبکەین یان خۆتان باوەرتان بە کامیانە؟.

- سەبارەت بەو بڕگەیەی کە دەڵێن دەبێ لە لایەن پەرلەمان یاسای بۆ دەرچێت: بفەرموون وەرنە پەرلەمان یاسای بۆ دەربکەن کێ رێگری لێکردوون, ئەوە ئێوەن خۆتان لە خەمی کاراکردنەوەی پەرلەمان نین و دووساڵە تەنها بۆ ململانێی حزبی و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان شین بۆ ئەم پەرلەمانە دەگێرن.

- لە برگەیکی دیکە هاتووە(ئاسایی کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێک کە کارەکانی یاسادانان و چاودێری خۆی بکات). بەراستی ئەم دەربڕینە زۆر نالۆژیکی و کاڵفامانە داڕێژراوە, نەدەبوو لە بەلاغی دوو حزب دەستەواژەیەکی وابنووسرێت, چونکە نەپارتی و نە هیچ لایەنێکی دیکە باسی گۆرینی وەزیفەی یاسایی پەرلەمانیان نەکردوە تا بیخەنە دانوستان.

- لە دەربڕینێکی دیکەی بەلاغەکەیان هاتووە( هەردوو لا جەختیان کردەوە لە سەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچەو چاککردنی گوزەرانی خەڵک). کامە لایەنی سیاسی جەختی لەمە نەکردۆتەوە, ئایا ئەمە بە جەخت کردنەوە چارەسەر دەبێت یان وەزیرەکانتان بێنەوەو لە گەڵ حکومەت بەیەکەوە کاری لە سەر بکەن و لە پەرلەمانیش هەموومان بەیەکەوە بیکەینە خەمی هاوبەش. بۆچی دەبێ ئێوە لە خەمی موچەی خەڵک بن و ئێمە خەممان نەبێت, ئەی ئێوە نەتان دەگوت پارتی و یەکێتی ئەو خەڵکەیان دامەزراندوەو ئەندام و لایەنگری خۆیانن, بۆیە باسکردن لە باشکردنی بژێوی خەڵک بە قسەو موزایەدە نابێت, بفەرموون ئەگەر لە خەمی خەڵکدان مل بدەنە بەر باری بەرپرسیاریەتی و لە گەڵ ئەم تیمانەی حکومەت هاوکار بن کە سەرقاڵی پێداچوونەوەی موچەی خەڵکی کوردستانن.

- لە کۆتایی بەلاغەکە هاتووە( کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆران ئامادەیی خۆیان نوێکردەوە بۆ گفت و گۆی جدی لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکان). کاتێک پارتی لە هەولێرەو بە وەفدێکی باڵا کە لە سکرتێرو حەوت ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێک هاتووە لە دەچێتە سلێمانی و شەش خاڵ بۆ گفت و گۆ پێشکەش دەکات و چواریان لە گەڵ بەیاننامەکەی جڤاتی گۆڕان هاوبەشن و یەک مانگ و سێ رۆژ تحمل دەکات کە گۆران وەڵامی بداتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەو دەست لە هەموو مەرجەکانی خۆی هەڵدەگرێت, ئەگەر ئەمە گفت و گۆی جدی نیە بفەرموون پێمان بڵێن گفت و گۆی جدی چۆنە, ئەوە ئێوەن ناتانەوێت گف تو گۆ جدی بێت ئەگینا کەس لە گف تو گۆ مەرجی پێش وەقتە دانانێت ئەگەر مەبەست رێکەوتن بێت, کامە گفت و گۆی جدی ئەو رۆژەی وەفدی پارتی هاتە لاتان لە هەموو رۆژەکان زمانی راگەیاندنتان زبر تربوو, ئایا جدیەت ئەوەیە فەرزی ئیرادە بەسەر هەموو لایەنەکان بکەیت و لە رێگای بەیاننامەو میدیا مەرج فەرزبکەن؟.