ده‌رباره‌ی ئینته‌رپۆل و سوودوەرگرتن لە ئینتەرپۆل بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆن

Kurd24

دەمێکە لەسەر ئازادی رۆژنامەنووس و کارمەندانی بواری فەرهەنگ، گفتوگۆیەکی گەرم لە میدیاکانی سویدی هەیە بەوەی، کە هەندێک حکومەتی نادیموکرات و سەرۆکی دیکتاتۆر،سوود لە ڕێکخراوی ئینتەرپۆلوەردەگرن، بۆئەوەی کەسانی ئازادیخواز، چالاکوانی مەدەنی، نووسەر و رۆژنامەنووس، کە پێشتر لەترسی گرتن ومەرگ، وڵاتی خۆیان جێهێشتووە ولە دەرەوەی وڵات بەئاوارەیی دەژین، لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوەدەیانەوێ، بیانگرن و ئەزیەتیان بدەن.

دروستکردنی لیستی ڕەش لە نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، ڕاونان و ئەزیەتدانیان هەتا لەدەرەوەی وڵاتیش، کۆمەڵێک حکومەت و ڕێکخراوەکانی مەدەنی دژ بە ئینتەرپۆل هێناوەتە دەنگ و لە میدیاکان دەمێکە باسێكی گەرمە.

بە گرتنی دوو رۆژنامەنووسی تورکی لە ئیسپانیا لە ئابی ئەمساڵ، گفتوگۆ گەرمتر بوو و داوادەکەن، ئینتەرپۆل نەبێتە ئامرازێک بەدەست حکومەت و سەرۆکە دیکتاتۆرەکان. نووسەر و رۆژنامەنووسی سویدی - تورکیHamza Yalcinهەمزە یاڵچین لە 3ی ئابی 2017 لە بەرشلۆنە گیراوە و جگە لە ئیهانەکردنی سەرۆک ئەردۆگان بە تێرۆر پرۆپاگەندەش تاوانبار کراوە.رۆژنامەنووسێكی دیکەی بەرەگەز تورکی - ئەلمانیDogan Akhanli دیسان لە ئیسپانیا لە 19ی ئابگیرا و بە هاتنەدەنگی Angela Merkelو وەزیری دەرەوە Sigmar Gabriel لەماوەی 24 کاتژمێر ئازاد کرا.

بۆ ئازادکردنی Hamza Yalcin لە ئیسپانیا ڕێکخرای نێودەوڵەتی PEN هاتۆتە دەنگ و گرتنی ئەوی بەو شێوەی خوارەوە ئیدانەکرد:

(هەمزە لەبەر کاری رۆژنامەنووسی و ڕەخنەکانی لە حکومەتی تورکیا دەگیرێ و ئەزیەت دەدرێ. ئێمە داوادەکەین هەمزە یەکسەر ئازاد بکرێ، چونکە تاکە تاوانی ئەو ئەوەیە، کە وەک رۆژنامەنووس کار دەکات). هەمزە یاڵچین، لە فرۆکەخانەی بەرشێلۆنە لەوکاتەی دەیەویست بۆ لەندەن بچێ، لەسەر داوای تورکیا و بە ڕێگای ئینتەرپۆل دەگیرێ.هەمزە لە ساڵی 1984 لەسوید دەژیت و تەمەنی 60 ساڵە. ئەو نەیدەزانی ناوی لە لیستی ئینتەرپۆل هەیە. هەمزە پێشتریش لەساڵی 1979 لەتورکیا لەسەر بۆچوونی سیاسی گیرایە.ئەگەر هەمزە بۆ تورکیا رەوانە بکرێتەوە، 22،5  ساڵ و نیو حوکم چاووەڕێی دەکا.

Elisabeth Åsbrink بەڕێوەبەری PEN ی سویدی لە لێدوانێکی دەڵێ: (ئینتەرپۆل وەک ئامێرێکی سیاسی کاری پێدەکرێ و گەورەترین ڕێکخراوی پۆلیسی نێوەدەوڵەتی، خەریکە ببێتە ئامرازی دەستی حکومەتە دیکتاتۆرەکان بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایی و ئۆپۆزیسیۆنی بەخۆیان.نووسەر و رۆژنامەنووسان لە وڵاتی خۆیان هەڵاتوون، بۆئەوەی نەگیرێن و نەکوژرێن، ئێستا مەترسی ئەوەیان لەسەرە، لە کاتی پشوودان و لە وڵاتی سێیەم بگیرێن. لێرە ڕوونە، کە ئینتەرپۆل بۆتە ئامێرێک کەس و حکومەتە دیکتاتۆرەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن).

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەنووسانی بێسنوور لەو چەند ساڵەی دوایی تەنیا لە تورکیا نزیکەی 200 رۆژنامەنووس گیراون. سەدان دەزگای راگەیاندنیش داخراون.

لە راپۆرتێکی رۆژنامەنووسانی بەدواداچوون International Consortium for Investigative Journalsim، کە لە ساڵی 2011 بڵاوکرایەوە حکومەتەکانی چین، ئێران، پاکستان و ڤێنزوێللا سوودیان لە ئینتەرپۆل وەرگرتییە، بۆئەوەی چالاکوان و ئۆپۆزیسیۆنی خۆیانی پێبگرن.

شارەزایانی بواری تاوان - criminalئاگادارن لەوەی،کۆمەڵێک حکومەتی ئەندام لە ڕێکخراوی ئینتەرپۆل، تا سەرئێسقان لەگەندەڵی و دزی وەردراین، لەگەڵ ئەوەش ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە هیچ میکانیزمێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە کوشندە و گەورەیە نییە.

ئینتەرپۆل –Interpol(International Criminal Police Commission) لەدوای UN و FIFA بە سێیەم گەورەترین ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتی هەژمار دەکرێ. یەکەم کۆنفرێنسی ئینتەرپۆل لە ساڵی 1914 لە مۆناکۆ بەڕێوەچوو و چواردە وڵات تێیدا بەشداربوون. لە ساڵی 1923 لەسەر داخوازی بەڕێوەبەری پۆلیسی ڤیەنا Johannes Schober ڕێکخراوی International Criminal Police Commission (ICPC)دامەزرا و نووسینگەی سەرەکی لە پایتەختی نەمسا کرایەوە. ئامانج لە هەبوونی ئەم ڕێکخراوە، کارئاسانییە بۆ پۆلیس، بۆئەوەی لەدەرەوەی سنووری وڵاتەکەی خۆی بتوانێ هاوکاری بکرێت و کەسانی تاوانبار بۆبەردەم دادگا ڕابکێشی. ڕێکخراوی ئینتەرپۆل 190 وڵات تێیدا ئەندامە.