كورد پێویسته خۆی بۆ قۆناخی نوێ ئاماده بكات
رامان قەوامی*
رووداوه‌كانی دوای ریفراندومی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ئەوەندەی پەیوەست بوو بە رووداوە ناوخۆییەكان،و خیانەتی بەشێك لە ھێزە كوردییەكان لە بەرژوەندی خۆیان، ئەوەندەش پەیوەست بوو بە سیاسەتە كورتخایەنەكانی ئەمریكا لە ھەرێمەكە. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 2003-وە ھەتا ئێستا لەعێراق و ناوچەكە سیاسەتێكی درێژخایەن نەبووە، ھەربۆیە بەردەوام شكستی خواردووە. بەڵام رووسیا كەڵكی لەبۆشایی ئەمریكا وەرگرتووە،و تەنانەت ڤیلادیمیر پۆتن سەرۆكی رووسیا بۆ لاواز كردنی ئەمریكا و فەرەنسا لە ناوچەكە ھەموو ھەوڵێكی داوە، تەنانەت ھەڕەشەكردنی رووسیا لە ئەمریكا بە چەكە نوێكەی و نیشاندانی فلۆریدا وەكوو ئامانجی ئەو چەكە ئاماژەگەلێكی مەترسیدار دەردەخەن كەوا پۆتن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات دەتوانێ ھەموو ھێلە سوورەكان ببەزێنێت. پۆتن لەلایەك ھەستی نەتەوە پەرەستی لە رووسیا پەرە پێدەدات،و لەلایەكی دیكەشەوە ھەموو ھێزە دژبەرەكانی لەنێوخۆی وڵاتەكەی بەتەواوەتی دەمكوت دەكات.
ئەو ھەڵسوكەوتەی پۆتن دەریدەخات كە ئەو بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتدا ئامادەیە تەنانەت ھەڕەشەی راستەوخۆ لە ئەوروپا و ئەمریكاش بكات، بەڵام لەراستیدا رووسیا نە لەبواری سەربازی و نە لەبواری ئابووری ھیچ چانسێكی بۆ سەركەوتن بەسەر ئەمریكادا نیە.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، سیاسه‌ته‌كانی رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان كه به ته‌واوه‌تی دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه دوای نزیك له 50 ساڵ ( له ده‌یه‌كانی 70ی زایینی و شه‌ڕی ڤییه‌تنام) دوو هێزی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا جارێكی دیكه یه‌ك بگرنه‌وه بۆ ئه‌وی جه‌مسه‌ری خۆیان لەناوچە ڕوونترو بەھێزتر بكەن. سەرۆككۆمارە گەنجەكەی فەرەنسا دەریخستووە كە دەیھەوێ فەرەنسا بكاتە جێگرەوەی بەریتانیا لە رۆژھەڵاتی ناوەراست، بەھۆی دەرچوونی لە یەكێتی ئەوروپا بەریتانیا لەھەموو كات پێگە نێودەوڵەتییەكەی لاواز بووە، ئێستا بەریتانیا زۆرتر خەریكی چۆنییەتی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپایە. ھەربۆیە شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئیمانۆئل ماكرۆن بە ناپیلیۆنی سەدەی بیست و یەكەم دەناسێنن. لەلایەكی دیكەوە دۆناڵد ترەم بە ڤیدرۆ ویلسن و فرانكلین رۆزڤێلت بەراورد دەكەن، كە چینی گۆشەگیر (ئایسۆلەیشنیست) لەسیاسەتی ئەمریكادا ناسراون، بەڵام لەو بێدەنگییەدا یارمەتی زۆری چەوساوەكانیان دەدەن كە بگەن بە مافەكانیان،و بەتایبەت مافی سەربەخۆیی نەتەوەكان. ئێستا لە ھەڵوێستەكانی فەرەنسا و ئەمریكادا دەردەكەوێت كە ھەردوولا دەیانھەوێ پێداچوونەوەیەكی جیدی بە سیاسەتەكانیان لەناوچەدا بكەن، ئەوان دەیانھەوێ لەرۆژھەڵاتی ناوەراستدا جگە لە ھاوپەیمانێك بەدوای شەڕكەرێكی بەھێزیشدا بگەرێن.
توركیا بووه‌ته كێشه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بۆ وڵاتانی هاوپه‌یمان
سیاسه‌ته‌كانی توركیا له ئێستادا له به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیایه و بۆیه‌ش ڕووسیا و ئێران ڕێگایان به توركیا دا به ئاسانی هێرش بكاته سه‌ر عه‌فرین. له ڕاستیدا هێرش كردنه سه‌ر عه‌فرین، پێگه و په‌یوه‌ندی كورد و ئه‌مه‌ریكای له‌م به‌شه‌ی كوردستان ئاڵۆزتر كردووه. كڕینی سیسته‌می (ئێس400)-ی رووسی له لایه‌ن هێزێك كه به‌شێكه له ناتۆ، پێگه‌ی سه‌ربازی ئا‌مریكا زۆر لاواز ده‌كات. هه‌روه‌ها په‌ره پێدان به ئایدۆلۆژیای ئهیخوانی له لایه‌ن تۆركیاوه، گۆشاری زیاتری خستووه‌ته سه‌ر ئا‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانی - كه دژی وڵاتی قه‌ته‌رن- له هه‌رێمه‌كه ڕازی بكات.
هاوكاری له گه‌ڵ رووسیا ته‌نیا خاڵی ناكۆكی نێوان توركیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نییه، به‌لكوو توركیا به خێراییه‌وه به‌ره‌و ئیسلامی بوونێكی مه‌ترسیدار ده‌ڕوات. هه‌روه‌ها توركیا به به‌كارهێنانی هێزه چه‌كداره‌كانی دژبه‌ری ئه‌سه‌د بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، سیاسه‌ته‌كانی ئا‌مریكا له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بەشار ئەسه‌د و ئێرانی تووشی شكست كردووه. هه‌ر بۆیه له‌وانه‌یه فەرەنسا و ئەمریكا له‌مه‌وبه‌دوا به شاراوه پشتگیری هێزگه‌لێك بكه‌ن كه‌وا بتوانن هه‌م ئه‌ردۆغان و هه‌میش توركیا له درێژخایه‌ن تووشی داڕمان بكه‌ن كه نه‌توانێت له داهاتوودا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بخاته مه‌ترسییه‌وه. ھەربۆیه هۆكاری باسوخواستی گواستنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئێنجەرلیكی ناتۆ بۆ باشوور یانیش رۆژئاوای كوردستان له‌م به‌رنامه‌یه‌دا چاو لێبكرێت.
كورد و شه‌ڕ له دژی رووسیا و ئێران
باس كردن له پێكدادانی ڕاسته‌وخۆی ڕووسیا وئه‌مریكا-وڵاتانی دۆستی- به هۆی بارودۆخی سووریا له‌وانه‌یه واقیعبینانه نه‌بێت. به‌ڵام هه‌م رووسیا ا هه‌میش ئه‌مریكا خه‌ریكه خۆی ئاماده ده‌كات كه ناڕاسته‌وخۆ یانیش هه‌مان شه‌ڕی به به‌دیل(پرۆكسی) له دژی ڕووسیا و ئێران به‌كار بهێنێت. له‌م شه‌ره‌شدا شتێك كه تا ئێستا دیاره ئه‌وه‌یه كه كورد رۆلی سه‌ره‌كی ده‌بێت، چ له عێراق و چ له سووریا یانیش ئێران. بۆیه كورد پێویسته خوێندنه‌وه‌یه‌كی قوول و زانستی هه‌بێت، ئه‌گینا له‌م شه‌ڕه‌دا له‌وانه‌یه كورد نه‌گات به‌و ئامانجه كه ده‌یهه‌وێت. له شه‌ری پرۆكسی ئه‌و كه‌سه زۆرتر تووشی شكست ده‌بێت كه‌وا پاڵپشتی هێزێكی گه‌وره‌تر له خۆی له پشتییه‌وه هه‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك هێز له پشتی نه‌مێنێت، هه‌موو پلانه‌كانی تێكده‌چێت و له‌وانه‌یه ئاستی پێویستی بۆ سه‌ركه‌وتن نه‌مێنێت. بۆیه چونكه ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه‌وا ئه‌مریكا ده‌یهه‌وێت به كورد شه‌ری ڕووسیا، عێراق و ئێران بكات، ھەر بۆیه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئانالیزگه‌رانه بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد له هه‌موو كاتێك زۆرتر خۆی ده‌نوێنێت. له ڕابردوودا بینیومانه كه‌وا نه‌بوونی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ستراتژیك له لایه‌ن كورده‌وه، به‌رده‌وام شكستی له گه‌ڵ خۆی هێناوه.
سه‌ردانه‌كانی مه‌سروور بارزانی بۆ ئا‌مریكا و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته ئاماژه به قۆناخێكی نوێ له په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ئا‌مریكا ده‌كه‌ن. له لایه‌ك داوا كردن له (ئەنەكەسە) بۆ دانووستان له گه‌ڵ (پەیەدە) له ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها باس كردن له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان -له لایه‌ن تێد كرووز به ڕاشكاوانه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا ئاماده‌یه له پێناو كه‌ڵك وه‌رگرتن له كورده‌كان، گوێ له داواكارییه‌كانیان بگرێت و ئه‌گه‌ر لۆژیكانه بێت ئه‌وا قبۆلی بكات. به‌ڵام له هه‌مان كاتتدا نابێت له بیری بكه‌ی‌ن كه‌وا سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاوا له سووریا، عێراق و توركیا شكستیان هێناوه و بێجگه له كورد كه‌سیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، زۆر گرنگه كه كورد چۆن داواكارییه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كات و چ گه‌ره‌نتییەك بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی وه‌رده‌گرێت.
هه‌نگاوگه‌لێك پێویست بۆ كورد
نابێت له بیری بكه‌یه‌ن كه‌وا كاتێك كورد و ڤییه‌تنامییه‌كان پێویستییان به ڤیدرو ویڵسۆن و فرانكلین رۆزڤێلت هه‌بوو، ئه‌وا ئه‌وان له سه‌ر پۆستی خۆیان نه‌مابوون. ڤییه‌تنامییه‌كان له جێگای یارمه‌تی، ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تێكی دژبوونه‌وه له لایه‌ن هاری تروومه‌ن سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا. زۆر گرنگە كه‌وا كورد هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی خۆی پابه‌ند نه‌كات به دۆناڵد ترەمپ و كابینه‌ی ئێستای ئه‌مریكا. كۆكردنه‌وه‌ی كه‌سانی شاره‌زا به تایبه‌تی كورد له ده‌وری سه‌ركرده كورده‌كان له هه‌موو كاتێك زۆرتر پێویسته كه بتوانن به‌رده‌وام هه‌نگاوی لایه‌نه‌كان هه‌ڵبسه‌نگێنن و بتوانن پێشنیازی كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن پێشكه‌ش به سه‌ركرده‌كان بكه‌ن.
پێویسته كه‌وا كورده‌كان به شێوه‌یه‌كی شاراوه خه‌ریك بن به دانووستاندن كه‌وا بتوانن بگه‌ن به رێككه‌تنێك كه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌ویی خۆیاندا بێت. ئه‌م دانووستانانه پێویسته زۆر شاراوە بن و له چاوی مێدیاكان دوور. ئاماژه‌كان بۆ وڵاتانێك كه له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردن پێویسته وه‌ها بمێنێته‌وه كه‌وا كورده‌كان هێشتا یه‌كگرتوو نین. ئه‌م پرۆسه‌یه پێویسته سه‌ره‌تا له نێوان دوو له پارته زلهێزه‌كان ده‌ست پێبكات و دوایی ئه‌م دوو هێزه هه‌وڵ بده‌ن كه لایه‌نه‌كانی دیكه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك كاتیش بێت رازی بكه‌ن.
*رامان قەوامی
خه‌ڵكى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه و شارەزايه له كاروبارى سیاسەتی نێودەوڵەتى.
قه‌وامی، خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پێشووتر بۆ یه‌كێتی ئه‌ورووپا وه‌كو راوێژكار كاریكردووه. ئێستا بۆ ناوه‌ندێكی راوێژكاری له به‌ریتانیا له سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان و چۆنیه‌تی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یان كار ده‌كات و نووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی (Jeruselam Post)ـه و هه‌روه‌ها بۆ گۆڤاری (Fair Observer) كه گۆڤاری هه‌فتانه‌ی سه‌نای ئامریكایه وتار ده‌نووسێت.