کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەست دەکات خیانەتی لێکراوە و ریال مەدرید بەجێدەهێڵێت

رۆژنامەی ئاس تەقاندییەوە

K24- هەولێر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەست دەکات لە ریال مەدرید درۆی لەگەڵ کراوە و بڕیاری داوە ریزەکانی یانەکە بەجێبهێڵێت و رووبکاتەوە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا هەواڵێکی بۆمبئاسای بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ساڵی رابردوو دوای بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە بەڵێنی پێدرابوو گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە و مووچەکەی زیاد بکرێت، کەچی تاکو ئێستا پێرێز بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر و گرێبەستەکەی کریستیانۆی نوێنەکردووەتەوە و مووچەکەشی زیاد نەکراوە.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکراشیکردووە، کریستیانۆ چەندان جار نیازی خۆی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دووپاتکردووەتەوە، کەچی ریال مەدرید لە هەوڵداندایە بۆ گواستنەوەی نێیمار و پێشتریش دەیوسیت کیلیان مباپێ بکڕێت، ئەمەش هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکەی تووڕەکردووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەرچی لە دوایین چوار ساڵ سێ تۆپی زێڕینی بەدەستهێناوە و بە قەدەر لیۆنێل مێسی پێنج بالۆن دۆری بردووەتەوە، کەچی ئێستا پێنجەم یاریزانی تۆپی پێیە لە رووی مووچەی ساڵانەوە و مێسی دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ساڵانە 50 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و نێیماریش لە پاریس سانجێرمان 36 ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانەکەیەتی، کەچی کریس ساڵانە تەنیا 21 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

رۆژنامەی ئاس کە نزیکە لە یانەی ریال مەدرید لە ژمارەی ئەمڕۆی راشیگەیاندووە، کریستیانۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد و ئەم بڕیارەی خۆیشی بە یانە ئینگلیزییەکە راگەیاندووە، کە لە ساڵانی 2003 تاکو 2006 درێسی شەیتانە سوورەکانی پۆشیوە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی