ئێمری له‌سه‌ر لێدانی پێناڵتی له نێوان كاڤانی و نێیمار بڕیاری كۆتایی دا
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئینگلیزی، لێدوانێكی كاڤانی هێرشبه‌ری پاریس سان جێرمانی بڵاو كردۆته‌وه كه تێیدا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه ئۆنای ئێمری راهێنه‌ری پی ئێس جی له باره‌ی لێدانی پێناڵتی بڕیاری كۆتایی دا.
دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یان له خولی لیگ وه‌نی فره‌نسا، ئیدینسۆن كاڤانی هێرشبه‌ری ئۆروگوایی كه له یارییه‌كه‌دا 2 گۆڵی تۆمار كرد، له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا ده‌ڵێت: له‌مه‌ودوا ئه‌و كه‌سه‌ی لێدانی پێناڵتی جێبه‌جێ ده‌كات نێیمار دا سیلڤایه.
كاڤانی ده‌شڵێت: ئۆنای ئێمری راهێنه‌ر بۆ لێدانی پێناڵتی نێیماری ده‌ستنیشان كردووه، له داهاتووشدا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌مباره‌یه‌وه روونادات و گرینگ ئه‌وه‌یه بتوانین ئامانجی خۆمان له‌م وه‌رزه بپێكین.
نێیمار دا سیلڤای هێرشبه‌ری به‌رازیلی له هاوینی ئه‌مساڵ به 222 ملیۆن یۆرۆ له یانه‌ی بارسێلۆناوه په‌یوه‌ندی به پاریس سانجێرمان كرد، له ده‌ستپێكی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه پاریسییه‌كه، كاڤانی رێگری لێ‌كرد كه لێدانی پێناڵتی جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ش هه‌رایه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه.