ئەمشەو لۆکا مۆدریچ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بەدەست دەهێنێت

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی ئەمشەو ئامادەی مەراسیمی زە بێست نابن

ئەمشەو کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی ئامادەی مەراسیمی دەستنیشانکردنی باشترینەکانی جیهان نابن و بە رێژەیەکی زۆریش پێشبینی دەکرێت لۆکا مۆدریچ خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت.

ئەمشەو کاتژمێر 08:30 بە کاتی هەولێر لە لەندەن خەڵاتی باشترین یاریزانی 2018 لەلایەن فیفاوە دابەش دەکرێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لۆکا مۆدریچ و محەمەد سەڵاح رکابەری لەسەر خەڵاتەکە دەکەن. 

گەرچی پێشترا وا راگەیاندرابوو لیۆنێل مێسی ئامادەی مەراسیمی ئەمشەو بێت، بەڵام رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، مێسی داوای لێبوردنی کردووە و پەشیمان بووەتەوە، ئامادەی مەراسیمەکە نابێت، کە بۆیەکەمجار دوای دە ساڵ لیۆ لە سێ بەربژێری کۆتایی خەڵاتەکەدا نییە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی و رۆژنامەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایان کردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش ئامادەی مەراسیمەکە نابێت، هێرشبەرەکەی یۆڤێنتۆس بە بیانووی پابەندبوونی بە راهێنانەکانی یانەکەی رەتیکردووەتەوە ئەمشەو لە لەندەن بەشداریی لە مەراسیمی دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی جیهان بکات.

رۆژنامەکانی ئەوروپا پێیوانوایە ئامادە نەبوونی کریستیانۆ مانای ئەوە دەگەیەنێت، ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بێهیوابووە، چونکە مانگی رابردووش ئامادەی مەراسیمی دەستنیشانکردنی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا نەبوو، کە لۆکا مۆدریچ خەڵاتەکەی بردەوە، بۆیە پێیانوایە کریس دڵنیایە لەوەی مۆدریچ ئەم خەڵاتەش دەباتەوە بۆیە ئامادەی مەراسیمەکە نابێت.