ئەمڕۆ بەفەرمی دێمبلی دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنا
K24- هەولێر
ئەمڕۆ بەفەرمی گرێبەستی عوسمان دێمبلی یەکلادەبێتەوە و ئەو یاریزانە دەبێتە یاریزانی بارسێلۆنای ئیسپانی.
رۆژنامەکانی سپۆرت و مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ هەینیاندا ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا و بۆرووسیا دۆرتمۆند دوێنێ پێنجشەممە لە مۆناکۆ لەسەر گرێبەستی دێمبلی رێککەوتوون و ئەو یاریزانە 20 ساڵانە بەرامبەر 145 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە دەکات، کە نرخی گرێبەستەکەی 105 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و 40 ملیۆن یۆرۆکەی دیکەش وەکو پاداشت بەپێی ئاستی هێرشبەرە فڕەنسییەکە لەگەڵ بلاوگرانا دەدرێت.
دێمبلی بۆ پێنج ساڵ گرێبەستێک لەگەڵ بارسا بە مووچەی ساڵانەی 7 ملیۆن یۆرۆ واژۆ دەکات و چاوەرێ دەکات رۆژی یەکشەممە یان دووشەممە بەفەرمی وەکو یاریزانی بارسێلۆنا بە میدیاکان بناسرێت.
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، چاوەرێ دەکڕیت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆرووسیا دۆرتمۆند لە پرێس کۆنفرانسێکدا بەفەرمی فرۆشتنی دێمبلی رابگەیەنێت.