هەفتەی داهاتوو یانەکانی کوردستان دوو ملیار دینار وەردەگرن

"یانه‌كانی كوردستان كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌"
kurdistan24.net

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان رایدەگەیەنێت سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی دوو ملیار دیناری داوە بۆ یانەکانی کوردستان و هەفتەی داهاتووش بەسەر یانەکاندا دابەش دەکرێت.

شاکر سمۆ، بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە یانەکانی کوردستان ئەو دوو ملیار دینارە وەردەگرن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان دابینکراوە و گوتیشی، دابەشکردنی پارەکە بەپێی خشتەیەک دەبێت کە تیایدا رەچاوی یانە پلە نایابەکان و پلە یەکەکان کراوە.

بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستانیش دووپاتیکردەوە، یانەکانی زاخۆ و هەولێر بەشێک نابن لەو یانانەی ئەو دوو ملیار دینارەیان بەسەردا دەبەش دەکرێت، چونکە پێشتر هەریەکەیان ملیارێک دیناریان بۆ خەرجکراوە.

شاکر سمۆ دووپاتیشی کردەوە وەکو قۆناخی دووەم ئامانجیانە ژمارەی یانەکانی کوردستان کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەگەر بودجەی جارانیش نەبێت، نیوەی بودجەی جاران بۆ یانەکانی کوردستان بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی چاڵاکییەکان بکەن.