ڤاڵڤێردی: چێڵسی بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوی چامپیۆنزلیگ به‌ربژێره
له باره‌ی یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، راهێنه‌ری بارسێلۆنا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ناتوانێت پێشبینی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی بكات، ده‌شڵێت: چێڵسی یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ورووپایه و بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه به‌ربژێرن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 13 مارسی 2018، ئارنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له پرێس كۆنفرانسێكدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌ندرێس ئینیێستا له بارودۆخێكی باش دایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی 100% بۆ یارییه‌كه ئاماده‌یه نه‌بێت به‌شداری پێ ناكه‌م.
له باره‌ی مێسی، راهێنه‌ری بارسا ده‌ڵێت: لیۆ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و به ته‌واوه‌تی ئاماده‌یه، هه‌روه‌ها سێرجی رۆبێرتۆش هیچ پێكانێكی نییه و بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له ڕیزی یاریزانه بانگهێشتكراوه‌كان ده‌بێت.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: یارییه‌كه‌ی سبه‌ی هه‌م قورس ده‌بێت، هه‌م به‌تاموچێژیش ده‌بێت، دڵنیام یارییه‌كه بۆ ئێمه مه‌ترسیدار ده‌بێت، چونكه تیپی به‌رامبه‌ر له پێناو په‌ڕینه‌وه بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ ئاماده‌ن هه‌موو شتێك بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن خۆیان بخه‌نه مه‌ترسیشه‌وه.
راهێنه‌ری بارسا له پرێس كۆنفرانسه‌كه پاڵپشتی خۆی بۆ ئاندرێ گۆمێز دووپات كرده‌وه و گوتی: هه‌موومان له پشتی ئه‌وین، راسته ئه‌ركی قورسه و دۆخه‌كه بۆ ئه‌و ناخۆشه، به‌ڵام ئه‌و ده‌یه‌وێت له بارسا سه‌ركه‌وتوو بیت و ئێمه‌ش یارمه‌تی ده‌ده‌ین.
له باره‌ی پاوڵینهۆ كه به ده‌بابه به‌رازیلییه‌كه ناسراوه، ڤاڵڤێردی گوتی: ئه‌و له خولی چینییه‌وه په‌یوه‌ندی به بارسێلۆنا كردووه و ئاستێكی به‌رزیش بۆ یانه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام ناتوانم له‌باره‌ی به‌شداریكردنی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی هیچ بڕیارێك لێره ئاشكرا بكه‌م.
ڤاڵڤێردی باسی دێمبلی ده‌كات و ده‌ڵێت: له یاری رابردوو زۆر به ئازایانه به‌رامبه‌ر مالاگا یاری كرد، دڵنیام ده‌توانێت كاری باشتر بۆ بارسێلۆنا بكات.
له باره‌ی یاریزانی نوێی یانه‌كه‌ی (ئارسه‌ر میلۆ) كه بڕیاره له هاوینی داهاتوو له یانه‌ی گریمیۆی به‌رازیلییه‌وه په‌یوه‌ندی به بارسێلۆناوه بكات، ڤاڵڤێردی گوتی: نامه‌وێت زۆر قسه له باره‌ی ئه‌و یاریزانه بكه‌ین، ئێمه له‌مێژه چاودێری ئه‌و یاریزانه ده‌كه‌ین، له راستیدا نازانین له داهاتوو چی بۆ بارسێلۆنا پێشكه‌ش ده‌كات، چونكه من هێشتا له یارییه‌كه‌ی سبه‌ی و دوارۆژی خۆشم له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌م دڵنیا نییم، ته‌نیا ئه‌وه ده‌زانم ئاسه‌ر میلۆ ده‌توانێت له داهاتوو ببێته یاریزانێكی گرینگی بارسێلۆنا.
ڤاڵڤێردی كه پێشتر له خولی یۆنان كاری راهێنه‌رایه‌تی كردووه، له باره‌ی شه‌ڕوئاژاوه‌كانی ئه‌و خوله ده‌ڵێت: هه‌میشه دێربییه‌كانی یۆنان زۆر به‌هێزه، به‌رده‌وامیش داوام لێكردوون با له یارییه‌كانی دێربی سیمایه‌كی جوانی وه‌رزشی پیشانی دوونیا بده‌ین.
بڕیاره سبه‌ی له یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی بارسێلۆنا له یاریگه‌ی كامپ نوو له كاتژمێر 10:45 خوله‌كی شه‌و به كاتی كوردستان میوانداریی چێڵسی بكات، له یاری چوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان یه‌كسانبوون.