پێكهێنانى لێژنه‌ى هه‌واڵگرى دژ به‌ داعش كه‌وته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌

Kurd24

K24 – ھەولێر

پێكهێنانى لێژنه‌ى هه‌واڵگرييه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى نێوان ئێران، سووريا، عێراق، رووسيا، به‌مه‌به‌ستى ئاڵگۆركردنى زانيارى له‌سه‌ر چالاكييه‌كانى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى(داعش) كەوتە بوارى جێبەجێكردن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (29.9.2015)حاكم زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند: "ھاوپەیمانە چوارقوڵیەكەی عێراق، سووریا، رووسیا و ئێران   چووه‌ته‌ بواری جێبەجێكردنەوە، له‌ ئێسته‌دا شارەزا سەربازیەكانی ئەو وڵاتانە لە عێراقن، بۆ ئەم مەبەستەش شوێن و بودجەی تایبەت بۆ ئەو شارەزا سەربازیانە دابین كراوە".

حەیدەر عبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێش بەرێكەوتنی بۆ بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە پێشوازی لەو گرینگی پێدانەی حكوومەتی مۆسكۆ بۆ عێراق دەكەین كه‌ هاوكاره‌ له‌گه‌ڵمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر".

له‌ماوه‌ى رابردووشدا، ڤلادمێر پۆتينی، سەرۆكی رووسيا رايگه‌ياندبوو، مۆسكۆ دەیەوێ بەشداربێت لە ئاڵوگۆرە سیاسی و ئەمنیەكانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

لەبەرانبەردا ستیڤن وارن ،گوتەبێژی ھەڵمەتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، گوتبووی كۆشكی سپی دژی ھەر جۆرە ھەماھەنگیێكی عێراقە لەگەڵ سەرانی رژێمی سووریا، ئەمەش ئەوە دەگەینێ ئه‌مه‌ريكا و رووسيا بە دوو ئاراستەی جیاواز لە عێراق كاردەكەن.

لە 26 ئەم مەنگه‌ پێكهێنانى لێژنه‌يه‌كى هه‌واڵگرى هاوبه‌ش لە نێوان ئێران، سووريا، عێراق ورووسيا راگه‌ياندرا، به‌مه‌به‌ستى ئاڵگؤڕكردنى زانيارى له‌سه‌ر چالاكييه‌كانى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش).