فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى رووسيا يه‌كه‌م گورزى ئاسمانييان بۆ سه‌ر داعش وه‌شاند
K24 – هه‌ولێر
حكومه‌تى مۆسكۆ رايگه‌ياند، كه فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى، يه‌كه‌م گورزى ئاسمانييان بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانى چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى "داعش"، له‌نێو خاكى سووريادا وه‌شاند.
جه‌نه‌رال ئيگۆر كوناشينۆكف، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ، گوتى: "به‌گوێره‌ى بڕيارى ڤلاديمێر پوتين، سه‌رۆكى باڵاى هێزه چه‌كداره‌كانى رووسيا، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانمان، ئامانجه‌كانييان له‌نێو خاكى سووريادا به وردى پێكاوه‌و يه‌كه‌م گورزى ئاسمانييان بۆ سه‌ر بنكه و مۆڵگه‌كانى داعش وه‌شاندووه".
ئاژانسى "فرانس 24"، له زارى سه‌رچاوه‌يه‌ك له حكومه‌تى ديمه‌شق، بڵاويكردووه‌ته‌وه، كه فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى رووسيا، سێ شوێنى جياوازى له سێ پارێزگاى سووريا بۆردومانكردووه.
سه‌رچاوه‌كه راشيگه‌ياندووه، كه فڕۆكه‌كانى هاوپه‌يمانان، بنكه‌كانى "داعش"ييان، له ناوه‌ڕاستى پارێزگاكانى حه‌ما، حيمس و رۆژئاواى لازقيه كردووه‌ته ئامانج".
ئه‌نجوومه‌نى يه‌كێتى رووسيا (په‌رله‌مان)، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، به كۆى ده‌نگى ئه‌ندامان، پرۆژه بڕيارى رێگادان به سوپاى رووسيا بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌ى سه‌ربازى له ده‌ره‌وه‌ى خاكى رووسيادا په‌سه‌ند كرد.
هه‌رچه‌نده كرملين، له گرنگى ئه‌و بڕياره‌ى كه‌مكرده‌وه‌و رايگه‌ياند، كه رووسيا نيازى نييه هێزى زه‌مينى ره‌وانه‌ى سووريا بكات، به‌ڵكو هێرشى سوپاى رووسيا بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانى داعش، له رێگاى فڕۆكه جه‌نگييه‌كانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێن.
له ماوه‌ى به‌ستنى كۆنگره‌ى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له نيويۆرك، رووسيا رايگه‌ياند، كه وڵاته‌كه‌ى به هه‌موو شێوه‌يه‌ك ئاماده هاوكارى سه‌ربازى رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د بكات، به‌تايبه‌تيش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى"داعش"، پێشووتريش دوو بنكه‌ى سه‌ربازى پێشكه‌وتووى له‌سه‌ر خاكى سووريا دامه‌زراندووه.
له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا، ئه‌مڕۆ حكومه‌تى رووسيا، سه‌ره‌ڕاى جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر نه‌ناردنى هێزى زه‌مينى بۆ سووريا، رايگه‌ياند، كه فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى يه‌كه‌م گورزى ئاسمانييان له‌نێو خاكى سووريا، بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانى داعش وه‌شاندووه.