كوردستان 24: ئاسۆیەكی نوێ

Kurd24

كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین به گۆڕانكارییەكی مەزندا تێدەپەڕێن. ئێستا كاتی وەرچەرخانێكی گەورەیه لەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوه و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش له سەروبەری سەرلەنوێ داڕشتنەوەیه. لەم نێوەدا دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد هاتووەته ئاراوه ئەگەر بتوانێ كەڵكی لێ وەربگرێ و وەك دەرفەته مێژووییەكانی دیكه له دەستی نەدا.
خۆشحاڵم لە ئانوساتی ئەو گۆڕانكارییه گەورانەدا، نۆبەرەی دامەزراوەی كوردستان 24 (K24) بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندنتان پێ بناسێنم، كه كەناڵێكی هەواڵ و زانیارییه به نوێترین تەكنەلۆجیای سەردەم. پەیامی K24 پەیامێكی نیشتیمانیی- نەتەوەییە، بۆ بەهێزتركردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن له كوردستان به ڕێگەی پێدانی زانیاریی ڕاست و بەدواداچوون. به تایبەتیش ئەو ڕووداوانەی كه جێی سەرنج و گرنگیپێدانی بینەری كوردستانین.
K24 پرۆژەیەكی میدیاییه، به هاوكاریی وهەماهەنگیی تەلەڤزیۆنی فرانس 24 (France24) جێبەجێ دەكرێ. ئێمه به هەموو توانامانەوه كاردەكەین له پێناو ئەوەی له كاری ڕۆژنامەوانیماندا، بەرپرسیارانه كاربكەین و پیشەیی بین و پابەندی پرنسیپ و ستانداردەكانی كاری ڕۆژنامەوانیی بین. هیوادارم به هاوكاریی و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز، بتوانین پەیامەكەمان به سەركەوتوویی به جێ بگەیەنین و ئەم دامەزراوە گەشه به كاری میدیایی له كوردستان بدات و تەنیا زیادبوونی ژمارەیەكی دیكه نەبێت.
ئێمه له كوردستان 24 دەمانەوێت بەشێك بین لە ھەوڵی چەسپاندنی دیموكراسییەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا، هەوڵدەدەین بە شێوەیەكی ڕوون، گشتگیر، خێرا و پیشەییانه كار بكەین بۆ گەیاندنی زانیاری بە خەڵكی كوردستان.
ئامانجی K24 ئەوەیه پەره بە كاری ڕۆژنامەوانیی لە كوردستان وناوچەكه بدات و زانیاریی دروست به ڕای گشتیی ببەخشێ لە پێناو فەراھەم كردنی كۆمەڵگەیەكی ئاگەدار وچاوكراوە.
بە ڕێگەی تۆڕێكی میدیایی بەرفراوانەوە (تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ و ماڵپەڕ) و به سیستەمێكی تەكنەلۆجی پێشكەوتوو، كار بۆ سەرخستنی پەیامه نیشتمانییەكەمان دەكەین. بێگومان بەجێگەیاندنی ئەم ئەركەش به میدیاكاری شارەزا و بەرپرس دەكرێت كه ئێمه هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین ئەو توانا ڕۆژنامەوانییانه له خۆمان كۆبكەینەوه و سوودیشمان له ئەزموونی دەوڵەمەندی هاوكارانمان له كەناڵی فرانس 24 وەرگرتووه.
K24 ئامانجی ئەوەیە باشترین و خێراترین هەواڵ و زانیاریی ناوچەكە و جیهان به بینەری كورد بگەیەنێت، تۆڕێكی هەواڵنێری بەرفراوان لە نێوخۆی كوردستان و دەرەوە كاری بۆ دەكەن. سەرەڕای نووسینگەكانمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان، له عێراق و توركیا و ئەوروپا و ئەمەریكاش نووسینگه و پەیامنێرمان هەن.
ئێمە بە ھەردوو زاراوەی سۆرانیی و كرمانجیی پەخش دەكەین، ھەروەھا بە زمانی ئینگلیزیش بەرنامەمان دەبێت، ماڵپەڕەكەشمان بە كوردیی، ئینگلیزیی، توركیی و عەرەبیی دەست بەكار دەبێت.
ئامانجمانە ببینە دەستیپێكی شێوازێكی نوێی كاری ڕۆژنامەوانی لە ناوچەكەدا، بە جۆرێك ھەمیشە لە گەڵ ڕووداوەكان بین و کاردانەوە جیاوازاكانیش له سەر ژیانی خەڵك دەگوازینەوه.
ھیچ بەربەستێكمان دانەناوە لە بەردەم گەڕان بە دوای زانیاریدا، كوردستان بەشێكە لە جیھانێكی فراوانتر و ئەمەش لە كارەكانماندا ڕەنگ دەداتەوە.
ڕۆژنامەنووسەكانمان لە ھەفتەیەكدا حەوت ڕۆژ و لە ھەر ڕۆژێكیشدا 24 كاتژمێر كار دەكەن، بۆ ئەوەی جیھان بە كورد ئاشنا بكەن و كوردیش بە جیھان ببەستنەوە.


* دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتیی كوردستان 24