واز لە ژێردەستەیی بێنن ‫!‬

Kurd24

ئەو ماوەیە لە ئەمەریکا ، چەندین نووسەر، رۆژنامەوان ، سیاسەتوان و ئەکادیمیستم دیتوون و هەموویان کە باس دێتە سەر پرسی کورد ، پشتیوانیی تەواو لە مافی کورد بۆ سەربەخۆیی دەکەن و تەنانەت هێندێکیان زۆر پێیان سەیرە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە زۆرەش، کوردستان هێشتا دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە.

کەچی لە بەرامبەردا بەداخەوە ئەو کوردانە کەم نیین کە دژی سەربەخۆبوونی کوردستانن و بێ شەرمانە لە ژێر پەردەی جۆراوجۆر ، دژایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی دەکەن . بۆ نموونە دەڵێن دەبێ کوردستان لە سوێد دیموکراتتر بێت ئینجا داوای سەربەخۆیی بکات ! لەکاتێکدا بارودۆخ و دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستان دەیانجار لە و بارودۆخە باشتر و لەبارترە کەبۆ نموونە سوید سەربەخۆیی تێدا راگه یاند دوای شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ نەرویجییەکان .  

یان هێندێک کەس دەڵێن دەبێ وڵاتانی دەوروبەر و هەموو دنیا رەزامەندی دەرببڕن و پێمان بڵێن فەرموون و لە سەر سینییەکی زێڕین سەربەخۆییمان پێشکەش بکەن، ئینجا ئێمەش رایبگەیەنین !

رەوشی هەرێمی کوردستان لە هەموو روویێکەوە ، زۆر لە رەوشی فەلەستین باشترە ، لەوێ مووچە و بژێوی خەڵک وخزمەتگوزارییەکانی ئاوو کارەبا ورێگەوبان و هتد ، زۆر لە هەرێمی کوردستان خراپترن و تەنانەت شایانی بەراوردکردنیش نییە، چونکە بە فەرمی ناوچەکانیان دابەشکردووە لەنێوان فەتح وحەماسی ئیسلامی. بەڵام بەدەگمەن فەلەستنییەکت دەستدەکەوێت لە داخی ئەو بارودۆخە جەهەنەمییەی تێیدا دەژین ، بڵێ دەوڵەتم ناوێ و تف لە ئاڵاکەی بکات وەک کادیرەکەی گۆڕان کردی .

ئەو کوردانەی لە دەرەوە دەژین و ژیاون ، دەزانن دەردی بێدەوڵەتی چەند گرانە و سەربەخۆیی چەند پیرۆزە . مەگەر ئەو وڵاتانەی رۆژئاوا، دوای سەدان و دەیان ساڵ لە سەربەخۆبوونیان ،  هەموو ساڵێک بە شکۆمەندی و شانازییەوە یادی رۆژی سەربەخۆیی خۆیان ناکەنەوە و وەک رۆژی نیشتمانیی نایناسێنن. کەچی سەیرە هێندێک لەو کوردانەی تاراوگەنشین، لە کاتێکدا بە خۆهەڵکێشانەوە بەشداری لە رۆژی سەربەخۆیی ئەو وڵاتانە دەکەن و بەشانازیشەوە وێنە لەپاڵ ئاڵای ئەو وڵاتانە دەگرن ، کەچی گاڵتە بە سەربەخۆیی و ئاڵای کوردستان دەکەن ‫!

ئەوانەی پێیانوایە کورد دەبێ ببێتە میللەتێکی تەواو دیموکرات ئینجا دەوڵەتی هەبێ و سەربەخۆیی رابگەیەنێ ، یان لە دنیا تێنەگەیشتوون یانیش دەیانەوێ کورد هەمیشە ژێردەستەی میللەتانی دیکە بێت . دەنا ئەو رۆژئاوایەی کە ئێستا بووەتە نموونەی دیموکراتی ، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ، شەقێکی تووند لە دیموکراسی هەڵدەدا . بۆ نموونە ئەمەریکا لە پێناو وبەرژەوەندی خۆی دۆستایەتی لەگەڵ داخراوترین وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ( بۆ نموونە عەرەبستانی سعودی) دەکا و بەدەستهێنانی ملیاران دۆلار لە لای ئەوان، لە هەزار بەیتوبالۆرەی دیموکراسی گرنگترە.

کورد هەتا دەوڵەتی نەبێت کەس هیچ حیسابی بۆ ناکات ، ئیدی با دەیان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ ئەم و ئەو ببەستێت . شەرمەزارییەکی گەورەشە کورد چیتر رێگە بدات ژێر دەستەی نەتەوە و دەوڵەتەکانی دیکە بێت و دەبێ بەهەر نرخێک بێت سەربەخۆیی رابگەیەنێ. ئەو کوردانەی بەبیانووی نەبوونی دیموکراسی و خزمەتگوزاریشەوە،  دژایەتی سەربەخۆبوونی کوردستان دەکەن ، دیارە دەیانەوێ تا هەتایە ژێر دەستە و دیلی خەڵکی دیکە بن.

وەک جەلالەدینی روومی مەزنیش دەفەرموێ " بۆچی لە بەندیخانەدا دەمێنیەوە لە کاتێکدا دەرگاکە خراوەتە سەر گازەرەی پشت" !

 

واشنتن

3/6/2017