هەدەپە چی دەوێ؟

Kurd24

 ئەم بابەتە گوزارشت لە بۆچوونی نووسەرەکەی دەکات و کوردستان 24 لێی بەرپرس نییە.

 

 

باكووری كوردستان لە بارودۆخێكی دژواردا دەژی، پێكدادان وئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە، بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی دەیان كەس، سەدان كەس ئاوارەبوون و لە چەند ناوچەیەكیش رەوشی ئاوارە و قەدەخەكردنی هاتوچۆ راگەیاندراوە.

بەرپرسانی هەدەپە داوای راپەڕین لە خەڵك دەكەن، بەڵام تا ئێستا خۆپێشاندانێكی دەیان هەزاریش ئەنجام نەدراوە، لەكاتێكدا هەدەپە پێشتر سەدان هەزار بگرە رێپێوانی ملیۆنیشی كردووە.

پرسیارەكە ئەوەیە خەڵكی باكوور بۆچی بە گشتی بێدەنگن؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: لە سیاسەتی منداڵبازاڕییانەی پەكەكە و هەدەپە بێزاربوون.

سیاسەتی هەدەپە لە چەند مانگی رابردوودا، سەرلێشێوانێكی گەورەی پێوەدیارە. زیاتر لە سەر بنەمای پەرچەكردار سیاسەت دەكەن، بەناو حیزبێكی كوردین، بەڵام بە كردەوە حیزبێكی چەپی تورك، بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن. نەك تەنیا لە باكوور، بەڵكو لە پارچەكانی دیكەش. بە قسەی خۆیان دەوڵەتی كوردی كارێكی دواكەوتووانەیە و دەبێ بخرێتە زبڵدانەوە! تەنانەت هەدەپە دژایەتی ئەو سەركردانەشی دەكا كە مەیلێكی نەتەوەییانەیان هەیە و پەراوێزیان دەخا وەك لەیلا زانا، ئەحمەد تورك، عوسمان بایدەمیر و ئەحمەد ئاڵتان.

لە هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی رابردوودا، سەركەوتنی هەدەپە و بەدەستهێنانی هەشتا كورسی، بەرپرسانی ئەو حیزبەی مەست كرد و تووشی لە خۆباییبوونێكی زۆربوون، وایاندەزانی ئەو توركانەی دەنگییان بە هەدەپە دا، لە باوەڕییان بوو بە دیموكراسی ومافەكانی مرۆڤ نەك بۆشایی ئۆپۆزیسیۆنێكی سیكیولار كە لە هەمبەر ملهوڕیی پارتی داد وگەشەپێدان AKP بووەستێ.

بنكەی سەرەكیی جەماوەریی هەدەپە، باكووری كوردستانە، كە بە گشتی كۆمەڵگەیەكی كۆنسەرڤاتیڤ و دیندارە. كەچی هەدەپە چش لەوەی لە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیدا دوور و نزیك باسی مافە نەتەوەییەكانی كوردی نەكرد، بەڵكو زۆر زێدەڕۆییشی كرد كاتێك باسی لە مافی هاوڕەگەزبازەكان كرد و بۆیەكەمجار لە مێژووی توركیا، گەی و هاوڕگەزبازێكی كردە كاندیدەیتی خۆی!

زۆرجار هەندێك نووسەری دژە پارتی لە باشوور (كە بۆ مەبەستێكی تایبەتی كوێرانە داكۆكی لە سیاسەتەكانی هەدەپە و پەكەكە دەكەن) ئەوە بە بیر پارتی دەهێننەوە كە لە یەكەمین هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستاندا لە ساڵی 1992 پارتی 51 % دەنگەكانی هێنا، بەڵام لە دوایین هەڵبژاردندا لە 2013  جەماوەرەكەى كەمبووەوە و دابەزی بۆ 38%،  واتا جەماوەری پارتی لە ماوەی بیست ویەك ساڵدا 13% دابەزی، بەڵام هەدەپە لە ماوەی كەمتر لە 4 مانگدا 20 كورسی پەرلەمانیی لە دەستدا! بۆیە هەقە دۆستانی هەدەپە لە بەرپرسانی ئەوحیزبەش بپرسن ئەو هەموو جەماوەرەتان چۆن وا زوو لە دەستدا.

یەكێك لە كێشە گەورەكانی هەدەپە ئەوەیە، كە بڕیاری لە دەست خۆی نییە و قسەی یەكلاكەرەوە لە دەست قەندیلە (بەتایبەتیش باڵی جەمیل بایك). كە مرۆڤ زۆرجار سەری سوڕدەمێنێ لەوەی قەندیل وهەدەپە رەفتاری وا دەكەن كە تەواو بەدڵی ئاكپارتی و ئەردۆغان و لە خزمەتی سیاسەتی ئاكپارتییە. دەنا هەڵگیرساندنی شەڕ لەم كاتەدا و كوشتنی چەند پۆلیس وسەربازێك (كە بۆ بەدبەختی زۆربەشیان كوردن) چ قازانجێك بە كێشەی كورد لە باكوور دەگەیەنێ؟

زۆربەی ئەو شوێنانەی ئێستا شەڕوپێكدادانی تێدایە و بەهۆیەوە خەڵك ئاوارەبوون و دوكان وبازاڕ نەماوە، وەك سووری ئامەد، جزیرە و سلۆپی، ئەو شوێنانەن كە هەدەپە زۆرترین دەنگی هێناوە و سەرۆك شارەوانییان لە دەست ئەو حیزبەدایە و ئاكپارتی كەمترین لایەنگری هەیە لەو ناوچەیە، كەچی زۆر سەیرە هەدەپە كە لە شوێنێك خۆی دەسەڵاتداری یەكەمە، داوای خۆسەری دەكا!

ئاخر خەڵك لە پێناوچی ئاوارە و دەربەدەربێت  و ژیانی لێ تێك بچێ و،  دواجار ئەو شەڕوماڵوێرانییە، دەسكەوتی بۆ پرسی كورد لە باكوور چییە؟