بارزانی ئەم دەرفەتە دەکاتە چی؟

Kurd24

لەم رۆژانە کە ململانێی سیاسی لە بەغدا تۆخ بووتەوە، نیشانەگەلێکی جدی هەیە کە دەتوانێ وەک قۆناغێکیتر لە سیاسەت لە عێراق و کوردستان چاوی لێبکەین. دەرەنجامی ململانێکان وای کرد کە پەرلەمانتارەکانی کوردستان لە بەغدا بگەرێنەوە. لەم نێوەدا یەکگرتووی کورد لە بەغدا مانایەکی هەیە و گەڕانەوەشیان بە هەمان شێوە مانایەکیتر. ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێ کۆیی گەمەی سیاسی لە عێراق شێواوە و مانای ئەوە دەگەیەنێ کە کەڵەکەبوونی هاوکێشە سیاسییەکان لە کاتی رووخانی سەدام، هاتنە ئارای داعش و کاریگەری هێزە ناوچەییەکان لە عێراق ئاراستەی خۆی دەگرێ. واتا بەریەککەوتنەکان وێستگەیەکی دیاریکراو بۆ خۆیان دەبینێتەوە. لەهەمانکاتدا تێکچوونی گەمەی سیاسی لە بەغدا مانای بێ واتابوونی کارتێکی گەورە دەگەیەنێ بۆ بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان.

لە کاتێکی ئاوا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەرەرووی پرسگەلێکی جدییە. پرسی زیندوو هێشتنەوەی ئەویترێک بە ناوی عێراق و کێشەی لێکدابڕانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان. عێراق بۆ کورد ئەویترە، ئەویترێک کە لە سەرەتای سازبوونی عێراقەوە کاریگەری لە سەر شوناسی کوردی لە سەر ئەم بەشەی کوردستان بووە. هەرچەن لە ساڵانێکدا ‌هێزە شوعییەکان و لەم ساڵانەدا سیاسەتی ناوچەی کاریگەرییەکان لە سەر جوانکردنی سیمای بەغدا بووە و هەوڵدراوە کە سیمای ئەم ئەویدییە جوان بکرێت. لە بەرانبەردا هێزە ناسیونالیستەکان لە ناوچوونی سیمای نەگریسی بەغدا وەک لەقبوونی ناسنامەی کورد لە باشور دەزانن. لەم نێوەدا بارزانی ئاگای لەم بابەتە بووە و بەغدای وەک ئەویتری کورد هێشتووتەوە.

بابەتیتر دەگەرێتەوە بۆ لێکترازنی هێزە سیاسییەکانی کوردستان. ئەم لێکترازانانە لەم رۆژانە لە بەغدا بوو بە یەکگرتن. ئەم یەکگرتنە دەتوانێ سەرچاوەی هێز بێ، بەو مانایە کە گوتاری بارزانی بەهێز بکات و دەتوانێ سەرچاوەی کێشە بێ، بەو مانایە کە ئەو هێزانەی کە لەم ساڵانەدا بەغدایان وەک کارتێک بەکار دەهێنا لەمەودوا چ دەکەن و چۆن بە چ شێوەیەک کارتێکیتر بۆ هاوسەنگکردنی گەمەکانیان لەگەڵ بارزانی دەبینەوە.

بەم پێشەکییەوە ئاوڕ لەوە بابەتە دەدەینەوە کە دەرفەتەکان چین و هەڕەشەکان کامەن؟

دەرفەتەکان چین؟

تێکچوونی هاوكێشە سیاسییەکانی لە بەغدا و تۆخبوونەوەی ئەو بابەتە کە بەغدا ناتوانێ و نابێ بە یار و هاوکاری کورد. تێکچوونی بەغدا لەم کاتەدا دەبێتە هۆی؛

1- بەهێزبوونی گوتاری سەربەخۆخوازی و بچڕانی هیواکانی کۆمەڵگای کوردی بە بەغدا.

2- لە ئاستی ناوچەی وا دەکات کە تورکیا زیاتر پێویستی بە کورد بێ و ئێران ناچار بێ لەگەڵ کورد هەڵ بکات، ئەگەر بەدوای فێلدا نەگەرێ کە هێڵێ نەوت دەتوانێ یەکێک لەم گەمانە بێ.

3- لە ئاستی ئەمریکا و ئەوروپا ناچاریان دەکات کە هیوای کەمتریان بە بەغدا بمێنێ لە کاتێکدا داعش و ململانێ ناوچەییەکان وەک خۆیان ماونەوە.

لە ئێستاوە بە هۆی بێ هیوای بە بەغدا بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان قسەکانیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بەرەبەرە روو لە گوتاری سەربەخۆیی دەکەن. ئەم گۆڕانە لە زمانی ئەندام و لایانگرانی پارتی دیموکرات واتای سەرکەوتن دەگەیەنێ. بەو مانایە کە ئەوەی ئەوان باسیان دەکرد بە ڕاست دەرچوو. دیارە ئەم گۆڕانە دەتوانێ وزەیەک بداتە بارزانی و مەودایەکی لە ئارامی پێببەخشی. لەهەمانکاتدا هیواداری بکات کە بەستێنەکانی رێفراندۆم رۆژ لە دوای رۆژ پێویستی و شەرعییەتی زیاد بکات. بەتایبەت کە ئیتر بیانویەک نامێنێتەوە بۆ هێزە سیاسییەکان کە کۆمەڵگای پێ مەشغوڵ بکەن.

کاتێک کە پرسەکە دێتە ئاستی ناوچەی، تورکیامان هەیە کە بۆ بەهێزکردنی سوننە و هێشتنەوەی توانای خۆی لە عێراق پێویستی بە کورد هەیە و لەهەمانکاتدا ئێران کە تێکچوونی پەیوەندی و کاریگەری لە سەر کورد وەک تێکچوونی "ئاسایشی نەتەوەی" خۆی دەبینێ و لەهەمانکاتدا بۆ ڕاگرتنی باڵانسی دژبەرانی شێعە پێویستی زۆری بە کورد هەیە. لەم کاتەدا کە کێشەکان لە بەغدا سەریهەڵداوە ئێران یان دەبێ بە رێفڕاندۆم رازی بێ یان دەبێ رێگایەک ببینێتەوە کە کارتەکانی بۆ گوشار خستنە سەر کوردستان زیاد بکات.

ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەمریکا تا دوا هەناسە هەوڵدەدا کە عێراق وەک خۆی بمێنێتەوە. بەڵام کە تێکچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دێتە رۆژەڤەوە رووبەرووی کێشەی زۆر دەبێتەوە. بەو مانایە کە ئاخۆ ئەوان خەریکی بەهێزکردنی ئێرانن یان هێشتنەوە عێراق. لەهەمانکاتدا کاتێک کە بەغدا تووشی کێشەیە، ئەم حکومەتە چۆن دەتوانێ بەرانبەر بە داعش سەرکەوێ و چۆن سەروەری بۆ عێراق بگەرێنتەوە بەرانبەر بە هێزە ناوچەییەکان. لەم کاتەدا کورد تاکو ئەمرۆ پێشانی نەداوە کە نەیاری سیاسەتی ئەمریکا، بەڵام وا دیارە کە ئارستەی گەمەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە لاوازی بەغدا زیاتر و بەهێزی کورد زیاتر دەردەکەوێ.

بەگشتی ئەمانە ئەو مەودایەن کە دەتوانێ هەڵگری دەرفەت بن و بارزانی کاریان لە سەر بکات. بەڵام لەهەمانکاتدا کۆمەڵە هەڕەشەیەکیشی لەگەڵدایە.

‌‌هەڕەشەکان کامەن؟

تێكچوونی گەمەی سیاسی لە بەغدا دەتوانێ هەڵگری کۆمەڵە کێشەیەک بێ. ئەو کێشانەی کە دیسانەوە کوردستان لە سێ ئاست رووبەرووی مەترسی بکاتەوە. بەڵام کاکڵەی ئەم کێشانە لە ناوخۆی کوردستانە؛

1- گڕ گرتنی لێکترازانی سیاسی لە کوردستان.

2- سازبوونی بەرەیەکی ناوخۆی دژ بە بارزانی کە ئێران تێدا رۆل ببینێ.

3- بێ هیوابوونی ئەمریکا و ئەروپا بەوەی کە چارەنووسی بەغدا چاوەڕوانی کوردستانیش دەکات.

بە هۆی بێ هیوابوونی هێزە سیاسییەکان لە بەغدا، پێدەچێ کە وزەی ئەوان بگەرێتەوە بۆ ناوخۆی کوردستان. وەک نوێنەری ئەمریکا دەڵێ کورد کاتێک هەڕەشەیان لە سەرە یەکگرتوو، بەڵام لە نەمانی کێشەکان دەکەونە ملشکاندنی یەکتر. ئەم قسە یەکێکە لە ناسێنەکانی شوناسی کورد و هۆکارێکە بۆ ئەوەی دۆزی کوردی وەک نەتەوەی بێ دەوڵەت هێشتۆتەوە. جا لە ئێستادا کە ئەویتری بەغدا کەمڕەنگ بووتەوە و ئەو هێزە سیاسییانەی کە مەیلی بەغدایان زۆر بوو، دەبێ ئەویترێک بۆ خۆیان ببینەوە. لەم هەوڵەدا چ ئەویترێک باشتر لە بارزانی کە بەستێنەکەی لە کوردستان ئامادەیە. بۆیە دەتوانین وا وێنای بکەین کە سوکانەکە دەسوڕێتەوە بەرەو هەولێر و ململانێ سیاسی لە کوردستان روو لە زیادبوون بکات.

بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە مێژە مەیلەو ئێرانن. جا ئەگەر ئەم مەیلە پاڵنەری سیاسی و ئابوری هەبێ، گەمەکە خۆشتر دەکات. لە بواری سیاسییەوە بەستێنی ناکۆکی لە کوردستان بوونی هەیە. ئەم بەستێنە وا دەکات کە ئێران هەوڵەکانی زیاتر بکات. بەو مانایە کە کوردستانی بەهێز بەرانبەر بە بەغدا نەیەێتەوە کاییەوە و هەروەها بارزانی کە سۆزی بۆ بەرەی سوننە و ئەمریکا هەیە لە ئاستێکی بەهێزدا نەبێت. لە ئاستی ئابوری هێڵی نەوتی کوردستان و ئێران دەتوانێ سەرچاوەی داهات بێ بۆ ناوچەی سەوز و نیلی. ئەمە دەتوانێ لەو قسانەوە بێ کە ڕەخنەگرانی بارزانی دەیڵێن کە پارە نەوتی کوردستان دەچێتە گیرفانی تورکیا و پارتی. جا کاتێک نەوتی کوردستان بچێتە لای ئێرانیش، ئەو وڵاتە دەتوانێ گەمە بەو پارەوە بکات و سەنگی ئەو هێزانە بگەیەنێتە ئاستی پارتی. بە گشتی ئێران لەم بوارەدا هەرگیز ئیمکانی ئەوە نادات کە لێکترازانی سیاسی ببێتە یەکگرتووی، بەتایبەت کە باسی رێفراندۆمیش لە رۆژەڤدایە.

ئەەوەی لەم کاتەدا بۆ ئەمریکا گرینگە هێشتنەوەی توانای سەربازی و ئەمنییەتی کوردستانە بۆ بەرەنگاری داعش و هاوسەنگکردنی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە. لە جۆری ڕەفتاری ئەمریکا لەگەڵ عێراق بۆمان دەردەکەوێ کە تاچەندە ئەم پرسە بۆ ئەوان گرینگە. بەڵام ئەگەر لێکترازانی سیاسی لە کوردستان بوونی هەبێ، پێدەچێ ئەمریکا کە هێشتا باوەڕی بە دەوڵەتی عێراق ماوە، نەتوانێ باوەڕی بەوە بێنێ کە هەر پێشهاتێکی نوێ لە کوردستان نابێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی ئەو ئاسایشەی کە ئەمریکا مەبەستیەتی. لە لایەکیترەوە لێکترازانی سیاسی لە کوردستان توانای کوردستان بۆ رێفراندۆم کەم دەکاتەوە. بەو مانایە کە پرۆژەیەک نەتەوەی نیە.

بەهەرحاڵ ناکرێ لە رێکنەبوونی پانتای سیاسی کوردستان هیوای سەردەمێکی باش بخوازین، ئەگەر سیاسەتێک نەبێ بۆ ئارامکردنەوە.

لە کۆتایدا بابەتەکەدا دەتوانین ئاوا کورتیی بکەینەوە کە بارزانی لە کاتێکی زۆر هەستیار لە ژیانی سیاسی خۆیدا دەژی. کاتێک کە مەوداکانی گەمەکردنی بۆ ئەو بابەتانەی کە مەبەستیەتی ساز بووە و لەهەمانکاتدا لە کۆمەڵە هەڕەشەیەکیشدا دەژی. سەرباری هەموو ئەو بابەتانە ململانێکانی عێراق دەروازەیەکی نوێی کردووتەوە. بەڵام دیار نیە کە چ ڕەهەندێکەوە سەیری ئەم پرسە دەکەن. ئەگەر وەک سەردەمی مالکی سەیری بکەین، بوو بە رێکەوتنی پارتی و گۆڕان. واتا یەکریزی لێکەوتەوە. ئەگەر وەک سەردەمی براکوژی چاوی لێ بکەین، بوو بە پەنابردن بە ئێران و تورکیا. ئەگەر وەک سەردەمی داعش چاوی لێ بکەین، ناچاربوون بە داخوازییەکانی ئەمریکا و هێزە ناوچەییەکانی لێکەوتەوە. ئەگەر وەک رووخانی سەدام چاوی لێبکەین، بوو بە دابەشکردنی هێز لە نێوان هەولێر و بەغدا. بە گشتی قۆناغێکی نوێیە و کەس چاوەڕوانی ئەوە ناکات ببێتە هەڕەشە.